سەردێڕ:

وەزارەتی خوێندنی باڵا گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆست لە زانکۆکاندا دەکات

AM:10:59:05/12/2021

8196 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، پۆستی چوار سەرۆک زانکۆ و سەرۆکی دەستەی کوردستانی بۆ خوێندنی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی لە رێگەی "C.V" و بەگوێرەی مەرج و رێنماییەکان پێشکەشکردنی داواکاری کراوەیە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایداهاتووە، پۆستی چوار سەرۆک زانکۆ و سەرۆکی دەستەی کوردستانی بۆ خوێندنی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی لە رێگەی "C.V" و بەگوێرەی مەرج و رێنماییەکان پێشکەشکردنی داواکاری کراوەیە.
 بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، پۆستەکان بریتین لە سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی و راپەڕین و چەرمو، ھاوکات، پۆستی سەرۆکی دەستەی کوردستانی بۆ خوێندنی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی.
راگەیەنراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لەوەشکردووە، ھەر کەسێک ئارەزوی ھەیە و مەرجەکانی تێدایە، دەتوانێت لە ماوەی دیاریکراودا (C.V) و داواکارییەکەی پێشکەش بکات، تا ناوی لە لیستی پێشکەشکاراندا تۆمار بکرێت.
 لەبارەی مەرجەکانیشەوە بۆ وەرگرتنی پۆستەکەنی سەرۆکی زانکۆ، راگەیەنراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشداوە، داواکار پێویستە:
- ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا بێت .
- نازناوی زانستی لە پرۆفیسۆری یاریدەدەر کەمتر نەبێت.
- خزمەتی لە ١٠ ساڵ کەمتر نەبێت.   
ھاوکات، مەرجەکان بۆ سەرۆکی دەستی کوردستانی بۆ خوێندنی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی برییتین لە:
- ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا بێت لەیەکێک لەبوارەکانی زانستی.
- نازناوی زانستی لە پرۆفیسۆر کەمتر نەبێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو بەڕێزەی داواکاری پێشکەشدەکات باشترە دیدو بۆچون و بەرنامەی کاری خۆی پێشکەش بکات بەمەبەستی بەرەو پێش بردنی زانکۆکەی بۆ ئەو چوار ساڵەی کە لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت، ھەروەھا زانینی زمانی ئینگلیزی و شارەزایی لە بەکارھێنانی تەکنۆلۆجیای بواری خوێندن و فێرکردن و کارایی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی ھەلی زیاتر بۆ پێشکەشکار دەڕەخسێنیت.
و دەشڵێت دواین کات بۆ پێشکەشکردنی (C.V) و پوختەی ڕاژە، تاکو کۆتایی دەوامی فەرمی ڕێکەوتی (٢٠٢١/١٢/١٢) ڕۆژی (یەکشەمە) دەبێت و ھەر بەڕێزێک ئارەزوی ھەیە و مەرجەکانی پێشکەشکردنی ھەیە، دەتوانێ (C.V) و پوختەی ڕاژەو لیستی ھەمو توێژینەوە بڵاوکراوەکان لە گۆڤاری زانستی مەحکەم ڕاستەوخۆ بۆ بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچونی پۆستەکان لە دیوانی وەزارەت لە ڕێگەی ئەم ئیمێڵە (jobs@mhe-krg.org) بنێرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوو لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە یەکێتی بڕیاری لێدابوو لە حزب و حکومەت ئەنجامی بدات، سەرچاوەیەک لە یەکێتی رایگەیاند: وابڕیارە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکاندا یەکێتی ھەریەک لە سەرۆک زانکۆکانی (سلێمانی، پۆلیتەکنیکی سلێمانی، چەرموو، دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و لێکۆڵینەوەی زانستی) بگۆڕێت، ھەروەھا زۆربەی راگری کۆلێژەکانیش بەتایبەت ئەوانەی ماوەی یاساییان تەواو بوە دەگۆڕدرێن، کە زیاتر لە ٥٠ راگری کۆلێژ دەبێت.












گەلەری