سەردێڕ:

خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆکانی ھەرێم دەستیپێکردەوە

AM:09:47:05/12/2021

7616 جار خوێندراوەتەوە

خوێندکارانی زانکۆکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و راپەڕین و کۆیە و فاکەڵتی پەروەردەی قەڵادزێ بەمەبەستی داواکردنی مافەکانیان و پێدانی دەرماڵەکانیان لەبەردەم زانکۆکانیاندا دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە و بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندیان کرد.


ئەمڕۆ یەکشەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕتی لە دەڤەری راپەڕین رایگەیاند، خوێندکارانی زانکۆی راپەڕین دەستیان بە گردبوونەوە کردووە داوای دەرماڵە دەکەن، خوێندکاران دووپاتی دەکەنەوە کە سوورن لەسەر داواکارییەکانیان کە دەرماڵەیە و ھاوکات خوێندکارانی کۆلێژی پەروەردەی راپەڕین بەھەمان مەبەست شەقامی سەرەکی ڕانیە - قەڵادزێیان داخستووە.
هەروەها، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە شاری ھەڵەبجەش رایگەیاند خوێندکارانی کۆلێژی تەکنیکی ھەڵەبجە و پەیمانگای تەکنیکی ھەڵەبجە لەبەردەم سەرۆکایەتی زانکۆی ھەڵەبجەدا گردبوونەوەیان ئەنجامداوە و خوێندکاران باسی لەوەش دەکەن، لەدوای کۆبوونەوەی نوێنەری خوێندکاران لەگەڵ سەرۆکی حکومەت بی ئەنجام بووە و ھیچ کام لەداواکارییەکانیان جێبەجێ نەکراوە.
ھاوکات، پەیامنێری ئێن ئاڕتی لە سلێمانیش باسی لەوەکرد، کە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و دەرگای سەرەکی زانکۆیان داخستووە و رێگەنادەن ھیچ ئۆتۆمبێلێک یاخود ئۆتۆمبێڵیک بچێتە ناو زانکۆوە و خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانیش لەگەڵیان بەشدارن و خوێندکاران باسیان لەوەکردووە دەرماڵە مافێکی بنچینەیی خۆیانە و پێویستە پێیان بدرێت.  
لەماوەی رابردوودا، بە ئامانجی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی بەشەناوخۆییەکانیان و دووبارە پێدانەوەی دەرماڵەکانیان، خوێندکارانی زانکۆکانی ھەرێم خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بۆماوەی پێنج رۆژ بەردەوام بوو.
بەھۆکاری بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خوێندکاران و ھێزە ئەمنییەکان دروستبوو و ژمارەیەک خوێندکار و چالاکوان و رۆژنامەنوس دەستگیرکران.
لە کاتی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان چەند گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان بڵاوکرانەوە کە ھێزە ئەمنییەکان لە خوێندکارانی زانکۆدەدەن و ئەشکەنجەیان دەدەن، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری ھاوڵاتییانی بەدوای خۆیدا ھێنا.
ھەر بەھۆکاری بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران، ھێزە ئەمنییەکان لە شاری سلێمانی چوونە ناو حەرەمی زانکۆوە و گازی فرمێسک رێژییان بۆ بڵاوەپێکردنی خوێندکاران بەکار ھێنا.
لە پارێزگای دھۆکیش، ھێزە ئەمنییەکان رێگەیاننەدا خوێندکاران خۆپیشاندان ئەنجامبدەن.
ھەروەھا، بەشێک لە زانکۆکانی ھەرێم بە ئامانجی کۆتاییھێنان بە خۆپیشاندانی خوێندکاران دەوامیان راگرت و چەند رۆژێکییان کردە پشوو.
لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی ھەرێم لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ ھەزار دینار و بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ ھەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی ١٠٠ ھەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە پارەیە لانی کەم کرێی ھاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.












گەلەری