رێکخراوی فاو بڵاویکردەوە لە مانگی رابردوودا نرخی خۆراک لە جیهاندا بۆ سێیەم مانگ لەسەر یەک دابەزیوە و سەرجەم کاڵاکان جگە لە دانەوێڵە دابەزیون.
ئەمڕۆ شەممە ٦ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خۆراک و کشتوکاڵ بەدواداچوون بۆ مادە خۆراکیەکان دەکات کە لە ئاستی جیهانیدا بازرگانییان پێوە دەکرێت، بەگوێرەی پێوەرەکانی رێکخراوەکە لە مانگی ١١ نرخی خۆراک بە رێژەی لە سەدا دوو پۆینت یەک دابەزیووە و بەراورد بە ساڵی رابردوو کە لە سەدا ٢١ پۆینت نۆ بووە.
پێوەرەکانی رێکخراوەکە دەڵێن نرخی شەکر بەراورد بە مانگی ١٠ بە رێژەی ٥.٩٪
دابەزیوە و گەیشتووەتە نزمترین ئاست لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠ـەوە، هاوکات
پێوەرەکانی نرخی شیرەمەنی بەڕێژەی ٣.١٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش پێنجەمین
مانگە لەسەریەک کە دابەزین بەخۆیەوە ببینێت.
هەروەها پێوەرەکانی نرخی زەیتی رووەکی بە رێژەی ٢.٦٪ دابەزیوە و گەیشتووەتە
نزمترین ئاستی لە ماوەی پێنج مانگدا بە تایبەت زەیتی خورما.
نرخی گۆشتیش بەڕێژەی ٠.٨٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی و گۆشتی پەلەوەر لە
پێشەنگی دابەزینەکەدایە، هاوکات نرخی گۆشتی سوور دوای لابردنی باجەکانی ئەمریکا
لەسەر هاوردەکردنی نرخەکەی جێگیرکرد، ئەمەش بەرزبوونەوەی نرخەکانی ئەم دواییەی
کەمکردەوە.