سەردێڕ:

داعش لەم وڵاتەش هێرشی کرد و حەوت سەربازی کوشت

AM:09:17:04/12/2021

3900 جار خوێندراوەتەوە

لە ئەنجامی ھێرشێکی چەکدارانی داعش بۆ سەر پێگەیەکی سەربازی سوپای نەیجیریا نزیک لە سنورەکانی لەگەڵ کامیرۆن حەوت سەربازی ئەو وڵاتە کوژران.


ئاژانسی ھەواڵی فەرەنسا بڵاویکردەوە، چەند چەکدارێکی گروپی داعش بەسواری ئۆتۆمبێل کە چەکی قورسیان لەسەر بووە ھێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازی لە شاری ران لە نەیجیریا لە نزیک سنورەکانی لەگەڵ وڵاتی کامیرۆن.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوەیان لەلایەن سوپای نەیجیریاوە پیکدادانێکی توند روویداوە.
چاوگێکی سەربازی بە ئاژانسی ھەواڵی فەرەنسای راگەیاندووە، "ھێزەکانی نەیجیریا توانیوویانە بەرپرچی ھێرشەکەی چەکدارانی داعش بدەنەوە، بەڵام حەوت سەربازیان کوژراون".
دەشڵێت، بەھۆی ھێرشەکەوە بەشێک لە دانیشتوانی شارەکە ناچاربوون ماڵەکانیان چۆڵبکەن و ئاوارەببن.
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی چەند مانگێکە، گروپی چەکداری داعش عێراق و ئەفغانستان و نەیجیریا و چەند وڵاتێکی دیکە کە لق و چەکداری ھەیە چالاکییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
شەوی رابردوو، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە سەر بە قەزای خانەقین بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، داعش ھێرشیکردووەتە سەر سوپای عێراق و لەلایەن سوپاوە بەرپەرچ دراوەتەوە و ھیچ زیانێکی نەبووە.
شەوی پێشووتریش، داعش ھێرشیکردە سەر گوندی خدرجیجەی سنوری قەرەچوغ و ١٣ پێشمەرگە شەھید بوون.
لە شەوی ٢٧ی مانگی رابردوو، لە ناحیەی کوڵەجۆی گەرمیان داعش ھێرشیکردەسەر سەنگەرەکانی پێشمەگە و لەکاتێکدا یارمەتی بۆ ھێزەکان رۆشتبوو بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و پێنج پێشمەرگە شەھید بوون و چوار پێشمەرگەش بریندار بوون.
لە ٢٩ی مانگی رابردووشدا، لە سنووری کفری لەلایەن چەکدارانی داعش ھێرشکرایە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە و لە ئەنجامی ھێرشەکەشدا دوو پێشمەرگە شەھید بوون و سێ پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.
ھەروەھا، لە ماوەی رابردوو لە سێ ھێرشی جیاواز بۆ سەر چەند مزگەوتێکی پەیڕەوکارانی شیعە لە ویلایەتی قەندەھار لە ئەفغانستان لەکاتی ئەنجامدانی نوێژی هەینی چەند نوێژخوێنێک کوژران و ژمارەیەکی دیکە برینداربوون.












گەلەری