سەردێڕ:

ماکرۆن: دانوستانەکان لەبارەی چەکی ئەتۆمییەوە لەگەڵ ئێران سەرکەوتوو نەبووە

PM:11:53:03/12/2021

4840 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند، ئەو دانوستانانەی لە ئێستدا هەن لەبارەی چەکی ئەتۆمەوە لەگەڵ ئێران لە ڤییەنا باش نەبووە وەک ئەوەی دەردەکەوێت.


لە هەواڵێکی ماڵپەڕی سکای نیوزدا هاتووە، ئەمڕۆ هەینی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاندووە، ئەگەری دواخستنی قۆناغی دواتری دانوستانە ئەتۆمییەکان ئەگەرێکی کراوەیە و باسی لەوەشکردووە لەو باوەڕەدا نییە گفتۆگۆکانی ئەم خولە سەرکەوتوو ببێت بە رەچاوکردنی هەڵوێستەکان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، چەند رۆژێک لەمەوبەر ئینزینکی مۆرا رێکخەری ئەوروپا بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران کۆتایی هاتنی دانوستانەکانی ئەم خولەی ڤییەنای راگەیاند.

رێکخەرەکە ئەوەشی خستووەتەروو، ئەم خولەی وتووێژەکان "واقعی" بوون و وتیشی "دانوستانەکان لەبارەی چەکی ئەتۆمییەوە لەگەڵ ئێران بۆ هەتایە بەردەوام نابێت".

واشنتۆنیش لەبارەی دانوستانەکانەوە ئەوەی خستووەتەڕوو، هیچ نیشانەیەکی گەشبینانە نییە و نیشانەکانی شکست کەڵەکەبوون.

رێککەوتنامەی JCPA کە بە رێککەوتنامەی (ئەتۆم)ی ناسراوە و لە ١٤ی تەمموزی ٢٠١٥، لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا لە نێوان هەریەک لە چین، فەڕەنسا، روسیا، بەریتانیا، ئەمریکا، ئەڵمانیا لەلایەک و ئێرانیش لەلایەکی ترەوە واژۆکرا، ئامانج لە رێککەوتنەکەش سنوردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی بەرهەمهێانی چەکی ئەتۆم بوو لەلایەن ئێرانەوە.

لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٨ـدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەشێوەیەکی یەکلایەننانە کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران راگەیاند و چەندین سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند.

لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنامەکە و سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا لەلایەن ترەمپەوە، ئێران بەشێکی زۆری بەندەکانی رێککەوتننامەکەی شکاند، بەڵام دەسەڵاتدارانی تاران رایانگەیاندووە، ئێران پابەند دەبێت بەسەرجەم بەندەکانی رێککەوتنەکەوە ئەگەر واشنتن سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرێت.













گەلەری