سەردێڕ:

لە رووداوێکی هاتووچۆدا ٤٥ عومرەكار لە سعودیە گیانیان لەدەستدا

PM:07:50:17/11/2025

2044 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی هاتووچۆی سعودیە رایگەیاند، پاسێکی گواستنەوەی عومرەکاران لەگەڵ بارهەڵگرێکی سوتەمەنیدا لە نزیک شاری مەدینە تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون. هاوکات، پۆلیسی هیندستان گیانلەدەستدانی ٤٥ هاوڵاتیی وڵاتەکەی لە رووداوەکەدا پشتڕاستکردەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، پۆلیسی هیندستان رایگەیاند، پاسەکە عومرەکاری هیندی هەڵگرتبوو کە لە رووداوێکی سەختی هاتووچۆدا ٤٥ سەرنشینی گیانیان لەدەستداوە.

ڤی سی ساگانار، کۆمسیاری گشتیی پۆلیسی حەیدەر ئاباد کە زۆربەی قوربانییەکان خەڵکی ئەو شارەن وتی، "رووداوی دڵتەزێنەکەی عومرەکارە هیندییەکان لە سعودیە زۆر ئازاربەخشە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ٤٦ کەس لەناو پاسەکەدا بوون و بەداخەوە تەنها یەک کەس رزگاری بووە."
هاوکات ناریندرا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان، لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی قوربانیان کرد و دووپاتیکردەوە کە باڵیۆزخانەی هیندستان لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە لە هەماهەنگیی بەردەوامدایە.
مۆدی لە تۆڕی ئێکس نوسیویەتی، "زۆر دڵگرانم بەو رووداوەی لە مەدینە روویدا و هاوڵاتیانی هیندیی تێدا بوونە قوربانی، پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاراستەی ئەو خێزانانە دەکەم کە ئازیزانیان لەدەستداوە. هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازم. باڵیۆزخانەکەمان لە ریاز و کونسوڵخانەکەمان لە جەدە هەموو هاوکارییەکی پێویست پێشکەش دەکەن."













گەلەری