قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی هات و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانـیش ماوەی بێدەنگی هەڵبژاردنی راگەیاند.
ئەمڕۆ شەممە ٨ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتی، لەمڕۆ کاتژمێر حەوتەوە، هەموو بانگەشەیەک وەستاوە و بە گشتی بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی هاتووە، هەر ئەمڕۆش قۆناغی بێدەنگی هەڵبژاردن دەستپێدەکات و دوای ئەم قۆناغە، پرۆسەی هەڵبژاردن بە دەنگدان کۆتاییدێت.
لەم قۆناغەدا،
سەرجەم لایەنە سیاسییەکان پابەند دەکرێن بە کۆتاییهێنان بە بانگەشە بۆ حزب و
کاندیدەکانیان، لە بەرامبەردا راگەیاندنەکان سەرنج دەخەنە سەر هۆشیارکردنەوەی
هاوڵاتییان لەبارەی چۆنێتی بەشداریکردن لە پرۆسەکە.
پێشتریش حەسەن
هادی زایر، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان وتی، هەر لایەنێک
پابەند نەبێت بە قۆناغی بێدەنگی هەڵبژاردن، ئەوا سزادەدرێت و لەوانەیە
سزاکە تا ئاستی دوورخستنەوە بڕوات.
جەختیشیکردەوە،
لەدوای کۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن، زۆر بە چڕی چاودێری حزب و لایەنە سیاسیی و
کاندیدەکان دەکرێت و لە هەر سەرپێچییەک بە خێراترین کات سکاڵایان لە دژ
تۆماردەکرێت.
ئەمەش
لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی یەکشەممە دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
بەڕێوەبچێت، دواتر لە رۆژی سێشەممە ١١ـی ١١ـدا پرۆسەی دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.