سەردێڕ:

عێراق و ئەمریکا دەگەنە قۆناغێکی نوێی هاوکاری ئەمنی

PM:02:39:07/11/2025

1128 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی سەركردەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەڵێت، عێراق و ئەمریکا پابەندبوونی خۆیان بۆ دانانی بناغەی قۆناغێکی نوێی هاوکاری ئەمنی دووپاتكردووەتەوە.


ئەمڕۆ هەینی ٧ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، سەباح نوعمان، وتەبێژی سەركردەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بڵاویكردەوە، بەگوێرەی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی ساڵی ٢٠٠٨ و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەشی ئاسایشی نیشتمانی هەردوو وڵات، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و عێراق چەند وتوێژێكی تەکنیکییان لە بەغدا سەبارەت بە ئایندەی پەیوەندی ئەمنی دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات ئەنجامداوە.

دەشڵێت، بەشداربوانی هەردولا پابەندبوونی بەردەوامی خۆیان بە دانانی بناغەی قۆناغێکی نوێی هاوکاری ئەمنی نێوان ئەمریکا و عێراق دووپاتكردەوە، ئەمەش وادەکات کە عێراق بەردەوام ئاسایشی خۆی دابین بکات و توانا و ئامادەیی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەرزبکاتەوە، هەروەها، پتەوكردنی سەقامگیری ناوچەکە و بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرەوپێش دەچێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەرپرسانی باڵا لە چەند مانگی داهاتوودا بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ، بە مەبەستی بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ ماوەیەكی دووروو درێژ.













گەلەری