سەردێڕ:

پێشێلکارییەکانی بەرامبەر ئێن ئاڕ تی

PM:02:43:03/11/2025

1480 جار خوێندراوەتەوە

کاریگەری ئێن ئاڕ تی لەسەر رای گشتی و دەستبردن بۆ گەندەڵی و یاساشکێنیەکانی دەسەڵات وایکردووە، هەر لە ساتی دامەزراندنیەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بکرێتە ئامانج، لێرەدا بەشێک لەو پێشێلکارییانە دەخرێنەڕوو.


رۆژی ١٧ـی شوباتی ٢٠١١، ئێن ئاڕ تی وەک یەکەم کەناڵ بە رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی ١٧ـی شوبات دەستی بە پەخش کرد، بەڵام شەوی ١٩ لەسەر ٢٠ـی ئەو مانگە، هێزێکى چەکداریى دەمامکدار بارەگاى سەرەکیی کەناڵەکەیان لە سلێمانى سوتاند و زیانی چەندین ملیۆن دۆلاریان لە کەناڵەکە دا، سەرەڕای ئەوەی بەرامبەر کەناڵەکە کرا، دواى دوو مانگ ئێن ئاڕ تی بە گڕوتینێکى ترەوە پەخشى دەستپێکردەوە.

پێشێلکارییەکان بەردەوام بوون و لە ساڵى ٢٠١٣ بۆ کپکردنى دەنگى کەناڵەکە، بۆمب فڕێدرایە سەر ئۆفیسی سەرەکی کەناڵەکە، لە ٢٦ـی ١٠ـی هەمان ساڵ، تەقە لە شاسوارعەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کرا، ئەوەش بەهۆی پشتگیریکردنی ئێن ئاڕ تییەوە وەک میدیایەکی ئازاد.

لە  مانگی ١٠ـی ساڵی ٢٠١٥ نوسینگەی دهۆکی ئێن ئاڕ تی داخرا و دوو ساڵ دواتر و لە مانگی ١٠ـی ساڵی ٢٠١٧ـش نوسینگەی هەولێری ئێن ئاڕ تی داخرا.

هەروەها مانگی ١٠ـی ٢٠١٩ـش لە کاتی رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی بەغدا نوسینگەى بەغدای ئێن ئاڕ تی داخرا و لە مانگی هەشتی ٢٠٢٠ ئۆفیسەکانی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک جارێکی تر داخرانەوە، دواتر مانگی ١٢ـی ساڵی ٢٠٢٠ جارێکی تر ئۆفیسی سەرەکی کەناڵەکە لە سلێمانی داخرا.

جگە لە مانەش چەندین جار بەرێوەبەر و رۆژنامەنووسەکانی ئێن ئاڕ تی دەستگیرکراون و زیندانی کراون، هاوکات بەهۆی کارە رۆژنامەنووسیەکانیەوە زیاتر لە ٧٠ سکاڵا لەسەر ئێن ئاڕ تی تۆمار کراوە ئەو پێشێلکارییانەى بەرامبەر کارمەند و رۆژنامەنووس و ئۆفیسەکانی ئێن ئاڕ تی کراون، پێچەوانەی یاساکانى کارى رۆژنامەنووسی بوون لە هەرێم و عێراق.

 پێشێلکارییە بەردەوامەکان بەرامبەر بە ئێن ئاڕ تى و کارمەندەکانى، پێگەى تایبەتى هەیە لە ناو راپۆرتى رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی و میدیا جیهانییەکان و تەنانەت وەزارەتى دەرەوەى وڵاتانیش.

بەڵام سەرەڕای پێشێلکاریی و رێگرییەکان دامەزراوەى میدیایی نالیا بەردەوام لە گەشە و فراوانبووندایە و ئێستا پێکدێت لە چوار کەناڵى ئاسمانیی و ئێن ئاڕ تى سپۆرت و دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى و رادیۆى نالیا ئێف ئێم و ئەکادیمیاى میدیایی نالیا.

 













گەلەری