AM:10:17:03/11/2025
1168 جار خوێندراوەتەوە
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هۆشداری دەداتە سەرجەم لیست و کاندیدەکان و دەڵێت، سزای پێشێلکردنی ماوەی بێدەنگی پێش رۆژی هەڵبژاردن، دەگاتە ئاستی دوورخستنەوەی کاندید، دەشڵێت، کۆمسیۆن بەردەوام چاودێری کاندید و لایەنەکان دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە ٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، حەسەن هادی زایر، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆن بە رۆژنامەی فەرمی عێراقی وت، هەر جۆرە هەڵمەتێک یان چالاکیەکی بانگەشەکردن لە ماوەی بێدەنگیدا، پێشێلکردنی روونی رێسا کارپێکراوەکانە و سەرپێچیکردنی ماوەی بێدەنگیی هەڵبژاردن، کاندید بەرەوڕووی سزای دارایی یان ئیداری دەكاتەوە کە هاوتایە لەگەڵ قەبارەی سەرپێچییەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد،
رەنگە کۆمسیۆن رێوشوێنی توندتر بگرێتەبەر و بە جۆرێک سزای پێشێلکاران بدات کە بگاتە
دوورخستنەوەی كاندید لە هەڵبژاردن، ئەگەر سەرپێچیەکە بگاتە ئاستی تاوانی هەڵبژاردن.
وتیشی، تیمە
مەیدانییەکانی کۆمسیۆن لە نزیکەوە چاودێری پابەندبوونی کاندیدەکان دەکەن بە ماوەی
بێدەنگی هەڵبژاردنەکان، جا چ لە بانگەشەی مەیدانیدا بێت یان لە رێگەی دەزگاکانی
راگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە.
لە درێژەی
قسەکانیدا، داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان و کاندیدەکانیش کرد، ماوەی بێدەنگی
هەڵبژاردنەکان رەچاو بکەن و کەشێکی گونجاو بۆ هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف
دروست بکەن کە رەنگدانەوەی ئیرادەی دەنگدەران بێت.