ئاژانسی هەواڵی تەنسیمی ئێرانی ئاشکرایکرد، پێکدادان لە نێوان پۆلیسی پاسەوانی ئێران و تاڵیباندا لەسەر سنوری ئەفغانستان – ئێران روویداوە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی تەنسیمی ئێرانی، پێکدادانەکە لە ناوچەی شغالکی سەر بە ولایەتی نیرموز روویداوە و "بەهۆی هەڵەتێگەشتنەوە" بووە.
باسی لەوەشکردووە، کێشەکە بەهۆی بوونی دیوارەکانی سەرسنور
بووە کە لە ساڵانی رابردوودا بە مەبەستی روبەڕوبوونەوەی قاچاخچێتی و تاقمە چەتەکانی
سەرسنور ئێران دروستیکردووە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ چەند جوتیارێکی ئێرانی
دیوارەکانیان تێپەڕاندووە و چوونەتە ئەودیوی دیوارەکان کە هەر ناو خاکی ئێرانە و پەیوەندی
بە خاکی ئەفغانستانەوە نییە، بەڵام سەربازانی تاڵیبان بە هەڵە تێگەشتوون و وەک هێرش
بینیویانە و بەو هۆیەوە پێکدادانەکە دروستبووە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی بوونی کوژراو و بریندارەوە بڵاونەکراوەتەوە.
لەوبارەیەوە، بەرپرسێکی سەربازی باڵای ئێران بە
ئاژانسەکەی وتووە، شەڕ و پێکدادانەکان وەستاون و لە ئێستادا لەگەڵ حکومەتی تاڵیبان
لە گفتوگۆدان.
راشیگەیاندووە، دەستبەسەرداگرتنی چەند خاڵێکی پشکنینی
سنوری ئێران لەلایەن تاڵیبانەوە رەتدەکەنەوە، دەشڵێت، "تەواوی سنوری ئێران بەدەست
پۆلیسی سنورەوەیە."