سەردێڕ:

بەریتانیا ژمارەیەک پەنابەر دەگوازێتەوە بۆ بنکە سەربازییەکان

PM:11:17:28/10/2025

1732 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە سەدان پەنابەر كە داوای مافی پەنابەریان لە بەریتانیا كردووە، بگوازرێنەوە بۆ بنكە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە، ئەوەش وەک بەشێکە لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی هۆتێلەکان بۆ نیشتەجێکردنی کۆچبەران.


ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە راگەیەندراویكدا وتی، دوو بنکەی سەربازی لە سکۆتلاند و باشوری ئینگلتەرا بە شێوەیەکی کاتی بۆ نیشتەجێکردنی نزیکەی ٩٠٠ پەنابەر بەکاردەهێنرێت و بەرپرسان کار دەکەن بۆ دیاریکردنی شوێنی زیاتر لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی بەریتانی پی ئەی میدیا، دوو سەربازگە بۆ نیشتەجێکردنی ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێن کە پێشتر بۆ نیشتەجێکردنی خێزانە ئەفغانییەکان بەکارهاتبون لە کاتی کشانەوە لە کابوڵ لە ساڵی ٢٠٢١، تاوەکو لە شوێنی دیکە نیشتەجێکرانەوە، ئەو پرۆسەیەش لە سەرەتای ئەمساڵ کۆتاییهات.

هاوکات، وتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا وتی، نیگەرانن لە ژمارەی زۆری کۆچبەرانی نایاسایی و ئەو هۆتێلانەی تەرخان کراون بۆ پەنابەران و هەوڵدەدەن شوێنی گونجاوتر دیاریبکەن بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر کۆمەڵگە ناوخۆییەکان و کەمکردنەوەی تێچووی سیستەمی پەنابەری و بنکەی سەربازی و بینا چۆڵکراوەکان بەکاردەهێنن بۆ پەنابەران.

ئاماژەی بەوەشداوە، تا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، نزیکەی ٣٢ هەزار کەس داوای پەنابەریان کردووە وبەراورد بە مانگی حوزەیرانی ساڵی پێشتر دوو هەزار و ٥٠٠ کەس زیادیکردووە.

 

 

 













گەلەری