سەردێڕ:

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا: پلانی ئەمنیمان بۆ رۆژانی هەڵبژاردن ئامادەکردووە

PM:07:57:28/10/2025

1188 جار خوێندراوەتەوە

له‌ به‌غدا پلانى ئه‌منى بۆ رۆژانى هه‌ڵبژاردن ئاماده‌كراوه‌ و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداش ده‌ڵێت، پلانه‌كه‌ بۆ دابینکردنی سەلامەتی پڕۆسەی هەڵبژاردنە.


ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، فەریق روکن وەلید خەلیفە تەمیمی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وت، کە پلانە ئەمنییەکانیان لەسەر بنەمای ئەو بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەیە کە لەسەر شانیانە.

وتیشی، به‌پێی پلانه‌كه‌یان کەشێکی جێگیر و ئارام بۆ دەنگدەران و بەربژێرەکان و هەموو کارمەندانی ناوەندەکانی هەڵبژاردن دابین کراوە و پلانەکەى به‌غدا، لە دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان خۆى ده‌بینێته‌وه‌ بەسەر سەرجەم پێکهاتە و یەکەکان لە ناوچەی بەرپرسیارێتیدا، لەگەڵ توندکردنی رێوشوێنەکانی پشکنین و پاراستن لە دەوروبەری ناوەندەکانی دەنگدان، و چاودێریکردنی ڕێگا سەرەکی و لاوەکییەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش یان کاریگەری لەسەر ئیرادەی دەنگدەران و سورن لەسەر بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و دەزگا هەواڵگرییەکان و لایەنە پشتیوانەکان، بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری بە خێرایی، و چالاککردنی هەوڵە هونەرییەکان و کامێراکان بۆ بەدواداچوونی هەر چالاکییەکی گوماناوی یان سەرپێچیکار.

دەشڵێت، پابەندبوونی تەواوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا بە بێلایەنیی پیشەیی و وەستان لەسەر یەک مەودا لەگەڵ هەموو کوتلە سیاسی و بەربژێرەکان و کارکردن بە هەموو هەوڵێک بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەک کە وێنەی راستەقینەی دیموکراسی لە عێراقدا رەنگ بداتەوە.













گەلەری