دادگایەکی ئەڵمانیا چەکدارێکی عێراقی گروپی چەکداری داعشی بە تۆمەتی کوشتنی کچانی ئێزیدی لە عێراق سزای زیندانی هەتا هەتایی سزادا.
ئەمڕۆ سێشەممە، دادگایەکی ئەڵمانیا لە فرانکفۆرت سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەر تەها جومەیلیدا سەپاند، بە تۆمەتی چەندین تاوانی جۆربەجۆر لە نێویشیاندا کوشتنی کچانی ئێزیدی لە عێراق.
ئەو چەکدارەی گروپی چەکداری داعش تۆمەتبارە بە بەکۆیلەکردنی منداڵێکی
تەمەن پێنج ساڵان لە ساڵی ٢٠١٥دا، دواتریش زیندانیکردن و جێهشتنی تا ئەوکاتەی کە بەهۆی
برسێتیی و تینوێتییەوە گیانی لەدەستداوە.
تەها جومەیلی یەکەم چەکداری گروپی چەکداری داعشە کە دان بە تاوانی ئەنجامدانی
جینۆسایدی دژ بە ئێزیدییەکاندا بنێت.
تەها جومەیلی، تەمەنی ٢٩ ساڵانە، لە ساڵی ٢٠١٣دا پەیوەندی بە گروپی چەکداری
داعشەوە کردووە و چەندین رۆڵی جیاجیای لەنێو ئەو رێکخراوەدا هەبووە لە پایتەختی گروپەکە
شاری رەقە و عێراقیش.
لە ساڵی ٢٠١٩دا، لە یۆنان دەستگیرکرا و دواتر لەژێر رۆشنایی یاسای نێودەوڵەتی
تایبەت بە کەیسی تیرۆر رەوانەی ئەڵمانیا کرا بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەناوبراو.
مانگی رابردووش، ژنە ئەڵمانییەکەی تەها بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی
دژ بە مرۆڤایەتی و بێدەنگبوونی لە بەرامبەر بەکۆیلەکردن و دواتر مردنی کچێکی منداڵی
ئێزیدییەوە، کە لەلایەن تەهای هاوسەرییەوە دەستبەسەر کرابوو بە ١٠ ساڵ زیندانی
سزادرا.
ئێزیدییەکان؛ نیشتەجێی عێراق و هەرێمی کوردستانن بە کوردی قسە دەکەن
و ئایینی ئێزیدی ئایینی فەرمییانە، لە ساڵی ٢٠١٤دا کاتێک گروپی چەکداری داعش پانتاییەکی
بەرفراوانیان لە رووبەری هەردوو وڵاتی سوریا و عێراق کۆنتڕۆڵکرد، دواتر و لە هەمان
ساڵدا هێرشیان کردە سەر قەزای شەنگال کە زۆرینەی ئێزیدییەکان تێیدا نیشتەجێن و "کۆمەڵکوژیی
ئێزیدییەکانی" ئەنجامدا.
لە ئەنجامی پەلامارەکەی داعش بۆ سەر ئێزیدییەکان بەگوێرەی خەمڵاندنەکان،
زیاتر لە سێ هەزار ئێزیدی کوژراون و نزیکەی شەش هەزاری دیکەش دەستبەسەرکراون.
پێشتر، ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، "داعش جینۆساید
و چەندین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگی دژ بە ئێزیدییەکان ئەنجامداوە."