ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە نوسراوێکدا لەبارەی بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران بانگهێشتی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزیری ناوخۆ دەكەن بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنێکی پەرلەماندا.
بەگوێرەی نوسراوێک کە واژۆی ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی
فراکسیۆنە جیاوازەکانی لەسەرە ئەوە هاتووە، "لەسەر توندوتیژییەکان و دەستگیرکردن
و ئازاردان و بێڕێزییەکان بەرانبەر گەنجان و خوێندکاران و شکاندنی حەرەمی زانکۆ
و پەیمانگاکان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە و بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکان بە زەبری
هێز لە رۆژانی رابردوودا، داوامانکردووە پەرلەمان هەریەکە لە جێگری سەرۆکی حکومەت
و وەزیری ناوخۆ بانگهێشتی کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان بکات."
هاوکات، عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت،
"خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی مەدەنیانە و ئاشتیانەی قوتابیان مافێکە
بە یاسا و دەستور دەستەبەرکراوە بۆیە حکومەت و دامەزراوە و هێزەکانی دەبێت مافی
گردبوونەوە و ناڕەزایی چین و توێژەکان بپارێزن و پارێزەری سەلامەتی ئەو کەسانەبن
کە بۆ داوای مافەکانیان گردبوونەوە ئەنجام دەدەن و ناڕەزایی دەردەبڕن، نەوەک بە
پێچەوانەوە."
لە هەفتەی
رابردوودا، بۆ ماوەى چەند رۆژێک خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ پێدانى دەرماڵە
خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هێزە ئەمنییەکان دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا،
بەوهۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون و دواتریش زانکۆکان چەند رۆژێک پشوویان
راگەیاند.