سەردێڕ:

بنەماڵەی موراد کانی کوردەیی و پاسەوانەکانی؛ هەڵوێستی توندمان دەبێت

PM:09:29:30/11/2021

56008 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی لە شەڕ و روبەڕوبوونەوەیەکدا لە قەزای رانیە، هەریەک لە عەمید موراد کانی کوردەیی و سێ پاسەوانی کوژران، ئەمڕۆ جارێکی دیکە بنەماڵەکانییان راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، "بە تووندی پێکهێنانی لیژنە بۆ شەهیدکردنی رۆڵەکانمان رەتدەکەینەوە و داوادەکەین دەستبەجێ تۆمەتباران رادەستی یاسا بکەن."


بنەماڵەی موراد کانی کوردەیی و پاسەوانەکانی لە راگەیەنراوەکەیاندا دەڵێن، "جارێکی تر ئاگادارتان دەکەینەوە کە لە ئاست ئەم تاوان و غەدرەدا بێدەنگ نابین و رێگەنادەین خوێنی رژاوی رۆڵەکانمان بە فیڕۆ بڕوات و هەڵوێستی توندمان دەبێت."

ئەوەش هاتووە، "بە سەرسوڕمانەوە دەروانینە ئەو لێدوانەی کە باس لە پێکهێنانی لیژنە دەکات، لەکاتێکدا خۆیان لە نزیکەوە ئاگاداری کات و ساتی کوشتنەکەن و دەزانن کە هێزێکی هاوبەشی (دوو دەزگای ئەمنی) فەرمانەکەیان جێبەجێکردووە."

ئەمەش دوای ئەوە دێت، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی راگەیاند، "بە جێگری سەرۆکی حکومەتم وتووە کە لیژنەیەکی تایبەت بە پرسی کوشتنی عەمید موراد کانی کوردەیی پێکبهێنرێت و دواتر ئەنجامەکان بۆ هەموولایەک ئاشکرا بکرێت."

لە رۆژی ٢٦ی ئەم مانگەشدا، خانەوادەی موراد کانی کوردەیی راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و باسیان لەوەکرد، "تا ئەوکاتەی بڕیاردەر و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ئاشکرا نەکرێن و رادەستی یاسا نەکرێن، پرسە بۆ کوژراوەکانمان دانانێین."

هاوکات، لاهور جەنگی لەسەر رووداوەکە رایگەیاند، داوا لە کەسوکاری شەهیدەکان دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و هیچ پەرچەکردارێک نەنوێنن تا ئەو کاتەی دڵنیا دەبنەوە کە لێکۆڵینەوە ناکرێت و ئەنجامدەرانی ئەم کارە دەستگیر ناکرێن.

رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە، شەڕ و روبەڕوبوونەوە لە نێوان عەقید موراد کانی کوردەیی ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین و چەند پاسەوانێکی لەگەڵ هێزێکی ئەمنیدا روویدا، بەهۆی شەڕەکەوە ئەفسەرە پلە باڵاکە و سێ پاسەوانی گیانیان لەدەستدا، هاوکات دواتریش راگەیەنرا شامل زرار کە ئەندامی دەزگای زانیاریی بووە بەهۆی شەڕەکەوە گیانی لەدەستداوە.













گەلەری