دابەشکردنی موچەی مانگی ١١ بەردەوامی هەیە و بڕیارە رۆژانی داهاتوو موچەی وەزارەتی پەروەردە دابەشبکرێت.
چاوگێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری ھەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە و یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو موچەی مانگی تشرینی دووەمی وەزارەتی پەروەردە دابەش دەکرێت.
رۆژی ٢٥ی مانگ، وەزارەتی تەندروستی وەک یەکەم وەزارەت، موچەی مانگی
تشرینی دووەمی بە ھەمان میکانیزمی پێشوو و بەبێ لێبڕین وەرگرت و دواتر، موچەی دیوانی
وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان و یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی
ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامە دابەشکرا.
بڕیاریشە سبەینێ چوارشەممە، موچەی هەریەک لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان
و لیوای نەوت و گاز و فەرماندەیی زێرەڤانی دابەشبکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی دارایی تا ئێستا لیستی موچەی سەرجەم وەزارەتەکانی
بڵاونەکردووەتەوە.
لەبارەی ٢٠٠ ملیارەکەوە، لە مانگی رابردوودا، پەرلەمانتارێکی پێشووی
عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کە بە ئەگەری زۆرەوە پێدەچێت عێراق پابەند بیت بە
ناردنی ٢٠٠ ملیار دیناری مانگانەی ھەرێمەوە تاوەکو ئەو کاتەی حکومەتی نوێ پێکدەھێندرێت.
لە مانگی تەمموزدا، ناردنی ٢٠٠ ملیار دیناری مانگانە بۆ ھەرێم، لەلایەن
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بڕیاری لەسەردرا، کە وەک سولفەیەکی مانگانە
بۆ ھەرێمی بنێرێت و وەک موچە بە ھاوتای داھاتەکانی وەزارەتی دارایی بەسەر موچەخۆراندا
دابەشبکرێت.
حکومەتی ھەرێم لە چەند مانگی رابردوودا بڕیاریدا ھەموو مانگێک لە ٢٥ی
مانگەوە دەست بە دابەشکردنی موچە بکات و لە هەفتەیەکدا تەواوببێت، بەڵام چەند مانگێکە
بە بیانووی کەمی داھات و دواکەوتنی گەڕانەوەی داھات بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی و
دواکەوتنی گەیشتنی ٢٠٠ ملیارەکە، حکومەت موچە دابەشکردن دوادەخات و بە ماوەی ١٥ رۆژ
و زیاتر موچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەشدەکات.
هێرش قادر، هەولێر