دوای ئەوەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە پێشەوەختەکەی بڵاوکردەوە و لە ئەنجامیشدا کورسی بەشێک لەلایەنەکان و لە نێویشیاندا پارتی کەمیکرد، وتەبێژی پارتی دەڵێت، "دوو کورسی ئیستیحقاقی پارتی بە تاڵان براون."
مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "دوو کورسی کە ئیستحقاقی یاسایی دوو کاندیدی پارتی بوون لە پارێزگاکانی ھەولێر و نەینەوا بەتاڵان بردراون."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی ھەڵوێستی
پارتی لەبارەی ئەم کارە ناڕەوایە رادەگەیەنین."
ئەمەش دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ سێشەممە، کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى
عێراق ئەنجامى کۆتایى هەڵبژاردنی پێشوەختەى راگەیاند.
کورسی لایەنەکان بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن؛ رەوتی سەدر ٧٣ کورسی،
هاوپەیمانی تەقەدوم ٣٧ کورسی، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ٣٣ کورسی، پارتی ٣١ کورسی،
هاوپەیمانی کوردستان ١٧ کورسی، هاوپەیمانی فەتح ١٧ کورسی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ ٩
کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی چوار کورسی و کۆمەڵی دادگەری یەک کورسی.
مانگی رابردوو، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، دوای
نزیکەی ٢٤ کاتژمێر کۆمسیۆن ئەنجامە بەراییەکانی راگەیاند، بەڵام لە دوای پێداچوونەوە
بە ئەنجامەکان گۆڕانکاری لە پێنج کورسی پەرلەمانی عێراق کرا لە کۆی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی
عێراق.