پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، لەسەر رێگای ناحیەی قۆرەتوو - ساڵح ئاغا رووداوێکی هاتوچۆ لە نێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا روویداوە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە گیانی لەدەستداوە و شۆفێری بارهەڵگرەکەش لەسەر رووداوەکە زیندانی کراوە.
عەلی جەمال قدووری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر رێگای ناحیەی قۆرەتوو - ساڵح ئاغا رووداوێکی هاتوچۆ لە نێوان دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی کیا و بارهەڵگر روویدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی رووداوەکەوە شۆفێری کیاکە کە ناوی (محەمد
نەجیب)ـە و لە دایکبووی ١٩٦١ـە و دانیشتووی قەزای کەلارە و پیشە پۆلیسی کارەبایە گیانی
لەدەستدا.
باسی لەوەشکردووە، لە ئێستادا لە بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەی کەلار پەڕاوی
لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و شۆفێری بارهەڵگرەکەش بە بڕیاری دادوەر و بەپێی
ماددەی ٢٤ی هاتوچۆ زیندانی کراوە.
لە هەرێمیدا، بەگوێرەی ئامارەکانی هاتوچۆ لە ماوەی ۱۰ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا سێ هەزار و
٥٠٩ رووداوی هاتوچۆ روویداوە، کە بەهۆیەوە ٥٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و شەش هەزار
و ٢٦ کەسیش برینداربوون.
بەپێی دوایین ئامار، لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ۹٥۰ هەزار ئوتۆمبێل هەیە، واتە هەر سێ کەسێک
ئوتۆمبێلێکی بەردەکەوێت، لە کاتێکدا بەپێی ستانداردی جیهانی دەبێت هەر حەوت کەسێک
و یەک ئۆتۆمبێلی بەربکەوێت.