سەردێڕ:

کارەبای عێراق: پڕۆژەی بەستنەوەی عێراق و تورکیا لە رێگای ھێڵەکانی کارەباوە تەواوبووە

PM:08:01:29/11/2021

3800 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، پڕۆژەی بەستنەوەی عێراق بە تورکیا لە رێگای ھێڵەکانی کارەبا لە میانی ھێڵێکی ٤٠٠ کەی ڤی لە موسڵ و ھێڵێکی ١٣٢ کەی ڤی لە سلۆپی تەواو بووە.


ئەحمەد عەبادی وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە داوە، عێراق لە ھەوڵدایە پرۆسەی بەستنەوەی ھێڵەکانی کارەبا لەگەڵ سعودیە کاراتر بکات و وتی، "حکومەتی عێراق گرنگی بەو پرسە دەدات".

ئاشکراشی کردووە، دانوستانەکان بۆ بەستنەوەی ھێڵەکانی کارەبا لە میانی عەرعەر-یوسفییە و راکێشانی ھێڵێکی دیکە بۆ وێستگەی سەماوە لە پارێزگای موسەننا لەگەڵ سعودیە دەستی پێ کردووەتەوە و "لێتگێشتنەکان لەگەڵ سعودیە، ھێشتا لە قۆناغی سەرەتایی دایە".

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق باسی لەوەشکردووە، پرۆژەی بەستنەوەی عێراق بە تورکیا لە رێگای ھێڵەکانی کارەبا لە میانی ھێڵێکی ٤٠٠ کەی ڤی لە موسڵ و ھێڵێکی ١٣٢ کەی ڤی لە سلۆپی تەواوبووە و دەشڵێت، "تەنھا چەند رێکارێک ماون، ھێڵەکان بەکاربخرێن لەوانە؛ رێککەوتن لەسەر نرخ، بڕی ھەناردەکردنی کارەبا لەلایەن تورکیاوە بۆ عێراق".

عێراق لە ئەیلوولی ٢٠١٩دا، رێککەوتنێکی لەگەڵ ئەنجومەنی ھاریکاریی کەنداو واژۆ کرد کە بەپێی رێککەوتنەکە، ھێڵێکی گواستنەوەی کارەبا بە درێژایی ٣٠٠ کیلۆمەتر دروست دەکرێت کە ٨٠ کیلۆمەتری لەناو خاکی عێراق و ٢٢٠ کیلۆمەترەکەی دیکەیش لەناو خاکی کوێت دەبێت.













گەلەری