سەردێڕ:

حکومەتی عێراق زانیاری نوێ لەبارەی کۆچبەرانی بیلاڕوسیاوە ئاشکرا دەکات

PM:03:58:29/11/2021

6824 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، سبەی سێشەممە، دوایین گەشتی ئاسمانی بە ئامانجی گەڕانەوەی ئارەزومەندانەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە سنووری بێلاڕوسیان ئەنجام دەدرێت، دەشڵێت، زیاتر لە ھەزار و ٨٠٠ کۆچبەر گەڕێنراونەتەوە.


عەلی عەباس وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاندووە، تا ئێستا زیاتر لە ھەزار و ٨٠٠ کۆچبەر کە لەسەر سنووری بێلاڕوسیا و پۆڵەندا گیریان خواردبوو، گەڕاونەتەوە.

باسی لەوەشکردووە، سبەی سێشەممە، دوایین گەشتی ئاسمانی بە ئامانجی گەڕانەوەی ئارەزومەندانەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە سنووری بێلاڕوسیا و پۆڵەندان ئەنجام دەدرێت.

راشیگەیاندووە، "کۆی گشتی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە دەیانەوێت بە ئارەزویی خۆیان لە سنووری بێلاڕوسیاوە بگەڕێنەوە، سێ ھەزار کەسە و زۆربەیان نیشتەجێی شارەکانی ھەرێمی کوردستانن."

گەشتە ئاسمانییەکان بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران لە ١٨ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و تا ئێستا زیاتر لە ھەزار و ٨٠٠ کۆچبەر لە رێگای ئەنجامدانی پێنج گەشتی ئاسمانییەوە گەڕاونەتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، قەیرانی کۆچبەران ماوەی زیاتر لە مانگێکە دروستبووە لەسەر سنوری نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندا، دەسەڵاتدارانی یەکێتی ئەوروپا رایانگەیاندووە بە ھەموو شێوەیەک دژی وەرگرتنی کۆچبەرانن بۆ ناو خاکەکەیان.

ھاوکات، لەناو کۆچبەراندا خەڵکی ھەرێمی کوردستان و عێراق بوونیان ھەیە و بەشێک لە کۆچبەران تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە و لە سنورەکان ماونەتەوە و تا ئێستاش بەشێکیان بە چوار کاروان کە ھەزار و ٤٥٨ کۆچبەرە لەرێگەی فرۆکەخانەی ھەولێر و بەغداوە گەڕاونەتەوە.

لە دوایین لێدوانیشیدا، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا رایگەیاند، هەموو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا جگە لە دوو دانەیان نەبێت بەتێکڕا دژی کردنەوەی سنورەکانی یەکێتیەکەن بە رووی کۆچبەراندا.













گەلەری