بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتییەوە رایگەیاند، دۆخی ناو حزبەکەی بێ کێشەیە و هەڵساوەتەوە، دەشڵێت، "دەرکراوەکان دەرکراون و هەرگیز نایەنەوە ناو یەکێتی."
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک نوێنەر و خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگاکانەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "چاوەڕێم دەکرد حکومەت باشتر ئاگای لێیان بووایە."
باسی لەوەشکرد، "لە هەوڵی حکومەت بێ هیوا بوون و هەوڵدەدەن
لەرێگای حزبەوە چارەسەری بکەن."
لەبارەی کەیسی کوژرانی موراد کانی کوردەیی و چەند پاسەوانێکییەوە لە
وەڵامی پەیامنێری ئێن ئاڕ تیدا رایگیاند، "کەس حەز ناکات هیچ کەسێکی دیکە
بکوژرێت و داوام لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کردووە، لیژنەی
لێکۆڵینەوە پێکبهێنن."
لەبارەی دۆخی ناو
سلێمانی باسی لەوەکرد، "لەچاو خۆیدا باشە و عەیبی نییە"، لەبارەی دۆخی
یەکێتییشەوە وتی، "حزب هەڵساوەتەوە و زیاتر هەڵدەستێتەوە."
بافڵ تاڵەبانی لە درێژەی
قسەکانیدا رایگەیاند، "لەناو یەکێتیدا دەرکراوەکان دەرکراون و هەرگیز..
هەرگیز.. یەک ملیۆن ساڵی دیکە نایەنەوە ناو یەکێتی."
شەوی ٢٥ی ئەم مانگە، لە رانیە مورد
کانی کوردەیی فەرماندە لە ناو ریزەکانی یەکێتی درایە بەر دەسترێژی گولـلە و لە ئەنجامدا
خۆی و دوو پاسەوانی کوژران و پاسەوانێکی دیکەشی برینداربوو، دواتریش بەهۆی سەختی
برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
موراد کانی کوردەیی فەرماندەیەکی نزیک لە لاھورجەنگی بووە
و بەڕێوەبەری پۆلیسی نەھێشتنی تاوانی راپەڕین بووە و چەند رۆژێک بووە لە پۆستەکەی
لادراوە و گواستراوەتەوە بەشی لێکۆڵینەوە ی پۆلیسی راپەڕین.
هاوکات، لای خۆشییەوە لاهور جەنگی لەسەر رووداوی کوژرانی
موراد کانی کوردەیی رایگەیاند، داوا لە کەسوکاریان دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و هیچ
پەرچەکردارێک نەنوێنن تا ئەو کاتەی دڵنیا دەبنەوە کە لێکۆڵینەوە ناکرێت و ئەنجامدەرانی
ئەم کارە دەستگیر ناکرێن.
لەو بارەیەشەوە بنەماڵەکەی راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە
و ئاماژەیان بەوەکرد، "موراد بە برینداری لە لایەن چەکدارەکانەوە رفێندراوە و
دوای شەش کاتژمێر پەیوەندی بە کەس و کارەکەیەوە کراوە و پێیان وتوون برۆن تەرمەکەی
لە پزیشکی دادی لە شاری سلێمانی وەرگرنەوە، دوای وەرگرتنەوەی تەرمەکەی و توێکاری
پزیشکی، دەرکەوتووە فیشەک بەرقاچی کەتووە و نەمردووە، بەڵکو دوای قۆڵبەستکردنی بە
برینداری بردوویانە و دواتر لەژێر ئەشکەنجەدانێکی زۆر گیانی سپاردووە."
دەشڵێن، "بەپێی راپۆرتی زارەکی پزیشکی دادی کە لە کۆیە
دووبارە بۆی ئەنجام درایەوە، دەرکەوتووە، شوێنی لێدانی کارەبا لەسەر دڵی و شوێنی چەقۆ
و برینەکانی سەر جەستەی بەتایبەت بە پشت و ملیەوە و ھەڵواسینی ھەردوو دەستی بە
روونی دەرکەوتووە کە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی سپاردووە".
بنەماڵەکەی موراد هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکەن و دەڵێن،
پرسە بۆ کوڕەکەیان دانانێن.
کێشەی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی بۆ ٨ی تەمموز دەگەڕێتەوە
و هیشتا چارەسەر نەبووە بافڵ تاڵەبانیش لەسەرەتادا داوای دەکرد لاهور جەنگی بچێتە
دەرەوەی وڵات.
لە دوای شەوی ٨ی تەمموزەوە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی هەردوو
دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی و دواتر لاهور جەنگی بە چەند بابەتێک تۆمەتبار
کرد. کێشەکان گەیشتنە ئەو شوێنەی میدیای فەرمی یەکێتی لاهور جەنگی بە هاوسەرۆک
ناونەدەبرد و لاهور جەنگیش دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکەی نێوان یەکێتی
و گۆڕان بوو کە بۆ هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمدا پێکەوە
بەشدار بوون و قوباد تاڵەبانی بە سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە دانرا.
هـ.ئـ