سەردێڕ:

بنەماڵەی یەكێک لە شەهیدەکانی رانیە: خوێنی کوڕەکەمان تێکەڵی ململانێی سیاسیی مەکەن

PM:09:22:28/11/2021

24476 جار خوێندراوەتەوە

بنەماڵەی شامیل زرار وەرتی یەکێک لەو کەسانەی کە لە رووداوەکەی رۆژی پێنجشەممەدا لە رانیە شەهید کرا راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، " دۆسیەی ئێمە نەخەنە ناو ململانێی سیاسی، کێشەی شەخسی و بنەماڵەییشمان لەگەڵ کەسدا نیە".


لە راگەیەندراوەکەی بنەماڵەی شامل زراردا هاتووە، " لە دانیشتنێکی راستەوخۆدا داوای روونکردنەوەی تەواومان لە دەزگا پەیوەندیدارەکان کردووە و ئەوانیش بەڵێنی ڕوونکردنەوەیان داوە، هیوادارین لەزووترین کاتدا وەڵاممان بدەنەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا، بنەماڵەی شامل زرار داوا لە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی دەکەن و دەڵێن، "بەدواداچوون بۆ راستی رووداوەکە بکات".

رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە، شەڕ و روبەڕوبوونەوە لە نێوان عەقید موراد کانی کوردەیی ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین و چەند پاسەوانێکی لەگەڵ هێزێکی ئەمنیدا روویدا، بەهۆی شەڕەکەوە ئەفسەرە پلە باڵاکە و سێ پاسەوانی گیانیان لەدەستدا، هاوکات دواتریش راگەیەندرا شامل زرار کە ئەندامی دەزگای زانیاریی بووە بەهۆی شەڕەکەی گیانی لەدەستداوە.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "کۆی ڕووداوەکە کۆمەڵێک پرسیارو گومانی بەدوای خۆیدا هێنا کە ناکرێ لێیان بێدەنگ بین".

دواتر و لە رۆژی ٢٦ی ئەم مانگەدا، خانەوادەی موراد کانی کوردەیی راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و باسیان لەوەکرد، "تا ئەوکاتەی بڕیاردەر و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ئاشکرا نەکرێن و رادەستی یاسا نەکرێن، پرسە بۆ کوژراوەکانمان دانانێین."

هاوکات، لای خۆشییەوە لاهور جەنگی لەسەر رووداوی کوژرانی موراد کانی کوردەیی ڕایگەیاند، داوا لە کەسوکاری شەهیدەکان دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و هیچ پەرچەکردارێک نەنوێنن تا ئەو کاتەی دڵنیا دەبنەوە کە لێکۆڵینەوە ناکرێت و ئەنجامدەرانی ئەم کارە دەستگیر ناکرێن.

 

 













گەلەری