سەردێڕ:

قوباد تاڵەبانی: ڤیدیۆی ئاڵاکە هەڵەیەک بوو بەسەر ئێمەی حکومەت و پەرلەمانیشدا تێپەڕیوە

PM:05:53:28/11/2021

106168 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "لەو ڤیدیۆیەی تیایدا سوکایەتی بە ئاڵای کوردستان دەکرێت، ئێمە حکومەت و پەرلەمان کەوتینە هەڵەوە و بەبێ ئەوەی خۆمان ماندوو بکەین و بەدوای راستیدا بچین ئەو ڤیدیۆیەمان دایە پاڵ خوێندکاران"، دەشڵێت، "داوای لێبوردن لە خوێندکاران دەکەین."


قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکیدا کۆنفرانی یەکسانی جێندەری و ستراتیژیەتی بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا رایگەیاند، ئەو کچانەی لە زانکۆی سلێمانیدا و لە خۆپیشاندانەکاندا بریندار بوون لەبەر ئەوە بریندار نەبوون کە کچن، بەڵکو لەبەر ئەوەی خۆپیشاندەرن و هێزە ئەمنییەکان رووبەڕوویان بوونەتەوە."

 وتیشی، "کاتێک خوێندکاران خۆپیشاندان دەکەن و ئێمەی حکومەت لەجیاتی ئەوەی لێیان تێبگەین و نزیک بینەوە و هێوریانبکەینەوە، دەچین ڤیدیۆیەکی کۆن دههێنین و تۆمەتباریان دەکەین، بەبێ ئەوەی بەدوایدا بگەڕێین و خۆمان ماندوو بکەین."

دەشڵێت، "ئەو ڤیدیۆیە بەسەر ئێمە و حکومەت و پەرلەمانیشدا تێپەڕیوە و داوای لێبوردن لە خوێندکاران دەکەین."

 

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و هێزە ئەمنییەکانیش دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژ دژیان بەکاردەهێنن و ئازاری جەستەییان دەدەن و هەندێک خوێندکار لێیان دراوە، جگە لەوەی تەقە بەسەر خوێندکارانیشدا کراوە، کە بەو هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون.

ئەو خوێندکارانە باس لەوەدەکەن، دۆخ و باری ئابوریان سەختە و دەبێت حکومەت بەدەم داواکانیانەوە بچێت و دەرماڵەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.

لە ساڵانی رابردوودا، چەندین خوێندکار هەبوون بەهۆی سەختی دۆخی ئابورییەوە وازیان لە خوێندن هێناوە، یان رێگای ئەوروپایان گرتووەتەبەر، یانیش ساڵێکی خوێندنیان کردووەتە مۆڵەت و کاریان کردووە، یانیش کەم خوێندکار هەیە لەگەڵ خوێندنەکەیدا کاری نەکردبێت.

حکومەت بۆ کپکردنەوەی خۆپیشاندانەکان دەوامی زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە خوێندنی باڵای راگرتووە، بەڵام، خوێندکاران سورن لەسەر داواکارییەکانیان.

لە چەند رۆژی رابردووشدا حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان ڤیدیۆی ئاڵایەکی کوردستانیان بڵاوکردەوە کە لە بەردەم زانکۆی سلێمانیدا کەوتووەتە سەر شەقام و ئۆتۆمبێل بەسەریدا دەڕوات و چەند خوێندکارێک هەوڵی لابردنی دەدەن، بەڵام ئەوان خوێندکارانی زانکۆیان بەوە تۆمەتبارکرد و ئاماژەیان بەوەکرد، "سوکایەتی بە ئاڵای کوردستان کراوە."

لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی هەرێم لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی ١٠٠ هەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە پارەیە لانی کەم کرێی هاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.

هـ.ئـ


 

 













گەلەری