پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لەسەر رێگای سەرەکی کەرکوک - هەولێر لە نزیک گوندی یارمەجە رووداوێکی هاتوچۆ روویدا و تیایدا، چەند کەسێک گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون.
لەوبارەیەوە، هاتوچۆی کەرکوک بۆ ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە رووداوەکەدا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و دووانیش بریندار بوون.
هەر ئەمڕۆ، هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، لە ئەنجامی لە کۆنتڕۆڵ
دەرچوونی ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگای هەولێر - خەبات شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کە خوێندکاربووە
گیانی لەدەستدا و سەرنشینەکانیشی کە چوار خوێندکاربوون برینداربوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی هاتوچۆی هەرێم لە ماوەی ۱۰ مانگی سەرەتای
ئەمساڵدا سێ هەزار و ٥٠٩ رووداوی هاتوچۆ روویداوە، کە بەهۆیەوە ٥٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە
و شەش هەزار و ٢٦ کەسیش برینداربوون.
بەپێی دوایین ئامار، لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ۹٥۰ هەزار ئوتۆمبێل
هەیە، واتە هەر سێ کەسێک ئوتۆمبێلێکی بەردەکەوێت، لە کاتێکدا بەپێی ستانداردی جیهانی
دەبێت هەر حەوت کەسێک و یەک ئۆتۆمبێلی بەربکەوێت.
سۆران محەمەد، کەرکوک