هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، لە ئەنجامی لە کۆنتڕۆڵ دەرچوونی ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگای هەولێر - خەبات شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کە خوێندکاربووە گیانی لەدەستدا و سەرنشینەکانیشی کە چوار خوێندکاربوون برینداربوون.
ئەمرۆ یەکشەممە، فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ کاتژمێر ٧ لەسەر رێگای هەولێر- خەبات لە نزیک بازگەی کانی قرژاڵە لە سایدی هاتن بەرەو هەولێر لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی لەکۆنتڕۆڵ دەرچوونی ئۆتۆمبێلەکەوە،
کە جۆری ئەڵتیمابووە، وەرگەڕاوە و لە بنگردێک وەستاوە.
وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دەشڵێت، لە ئەنجامی رووداوەکە شۆفێری
ئۆتۆمبێلەکە گیانی لەدەستداوە و سەرجەمی سەرنشینەکانی برینداربوون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، شۆفێرەکە و سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە خوێندکاری
زانکۆبوون لە رێگەبوون بەرەو دەوام.
بەگوێرەی ئامارەکانی هاتوچۆی هەرێم لە ماوەی ۱۰ مانگی سەرەتای
ئەمساڵدا سێ هەزار و ٥٠٩ رووداوی هاتوچۆ روویداوە، کە بەهۆیەوە ٥٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە
و شەش هەزار و ٢٦ کەسیش برینداربوون.
بەپێی دوایین ئامار، لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ۹٥۰ هەزار ئوتۆمبێل
هەیە، واتە هەر سێ کەسێک ئوتۆمبێلێکی بەردەکەوێت، لە کاتێکدا بەپێی ستانداردی جیهانی
دەبێت هەر حەوت کەسێک و یەک ئۆتۆمبێلی بەربکەوێت.