سەردێڕ:

چەند زیندانییەک لە بەندینخانەیەکی عێراق هەوڵی هەڵهاتنیاندا.. چی روویداوە؟

PM:05:26:27/11/2021

6732 جار خوێندراوەتەوە

شانەی ئەمنی عێراق رایگەیاند، هەوڵێکی زیندانییەکانیان لە بەندیخانەی تاجی لە باکوری بەغدا شکستپێهێناوە بۆ ئەوەی رابکەن.


شانەی ئەمنی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە رێگری بکەن لە هەوڵی هەڵهاتنی "سێ تیرۆریست" کە سزای زیندانی هەتا هەتاییان هەبووە، کە ویستویانە لە بەندیخانەی تاجی لە باکووری بەغدا هەڵبێن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لەکاتێکدا زیندانیکراوەکان ویستویانە لە هێڵی پشتێنەی ئەمنی بپەڕنەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەیان بەسەردا کراوە، بەڵام زیندانیکراوەکان گرنگییان بە هێزە ئەمنییەکان نەداوە و لەئەنجامیشدا، یەکێک لە زیندانییەکان کوژراوە و دووانی دیکەش خۆیان رادەستکردووە.

لای خۆشییەوە، سەعد مەعان سەرۆکی شانەی ئەمنی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، کە لایەنی پەیوەندیدار لیژنەی تایبەتییان سەبارەت بە دۆسییەکە کردووەتەوە.

لە ماوەی رابردووشدا، عێراق دووچاری حاڵەتی لەوشێوەیە بووەتەوە، دیارترینیشیان هەڵهاتنی بەکۆمەڵی چەکدارانی داعش بوو لە هەردوو بەندیخانەکانی ئەبو غرێب و تاجی لە ساڵی ٢٠١٣، کە بووە هۆی هەڵهاتنی زیاتر لە ٥٠٠ چەکداری داعش لە هەردوو بەندیخانەکە.

مانگی ئایاری ئەمساڵیش، زیاتر لە ٢٠ بەندیی تۆمەتبار بە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و تاوانە جۆربەجۆرەکان، لە بەندیخانەی پارێزگای موسەنا لە باشوری عیراق هەڵهاتن.













گەلەری