سەردێڕ:

دواین زانیاری لەسەر رێککەوتنی بەغدا و هەرێم لەبارەی مووچە و نەوت

PM:11:02:14/08/2025

8056 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی بەرپرسی باڵا لە حکومەتى عێراق بۆ ئین ئاڕ تی رەتیکردەوە هەرێم پابەند بووبێت بە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت و وتی، تا ئێستا هەرێم نەوت و داهاتی نانەوتی رادەست نەکردووە و بۆیە بەم جۆرە بروات ناتوانن مووچە خەرجبکەن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٤ـی ئابی ٢٠٢٥، چاوگێکی باڵا لە حکومەتی عێراق بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، هێشتا وەزارەتی نەوتی عێراق لە نێوان هەرێم و کۆمپانیاکانی نەوت گیریخواردووە و هەرێم و کۆمپانیاکان رۆڵ دەگۆڕنەوە لە کات کوشتن و دواخستنی رادەستکردنی نەوت و بەو هۆیەوە تا ئیستا یەک بەرمیل نەوتیان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا رۆژانە بەرهەمهێنانى نەوت و بەقاچاخبردنی بەردەوامە و بردنی داهاتەکەشی بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەمان کاتدا هەرێم رەتیدەکاتەوە مامەڵە لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی عێراق و لیژنە هاوبەشەکان بکات بەجۆرێک نوێنەرانی هەرێم رەتیدەکەنەوە واژۆ لەسەر کۆنووسی کۆبوونەوەکان بکەن، ئەنجامەکەش ئەوەیە کە نە داهاتی نەوت و نە داهای نانەوتی رادەست نەکراوە ئیتر چۆن مووچەی هەرێم خەرجبکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ١٣ـی ئەم مانگە حکومەتى ماوەبەسەرچوو وتی، رێککەوتنێکی نوێیان لەگەڵ حکومەتى عێراق لەسەر نەوت کردووە و ئامادەن نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکەن.


 













گەلەری