سەردێڕ:

ئەمریکا بەردەوامدەبێت لە فشارەکانی بۆ سەر ئۆپیک پڵەس

AM:08:28:24/11/2021

3456 جار خوێندراوەتەوە

کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمریکا بەردەوامدەبێت لە فشار خستنەسەر رێکخراوی ئۆپیک پڵەس بەئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی بیری نەوت بۆ بازاڕەکانی جیھان تا نرخەکەی دابەزێت.


جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، "داوامان لە وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپیک پڵەس کردووە بڕی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی نەوتییان بەرزبکەنەوە".
وتیشی، بەردەوامدەبن لە فشارەکانیان و ھەموو شێوازێکی فشارکردن دەگرنەبەر بە مەبەستی بەدەستھێنانی داواکارییەکەیان.
پێشتریش، جێنیفەر گرانھۆڵم وەزیری وزەی ئەمریکی رایگەیاند، ئیدارەی بایدن لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەردەوامدەبێت لە زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت بە ئامانجی دابەزاندنی نرخی غاز لە بازاڕەکانی جیھاندا.
ئاماژەی بەوەشدا، پێشبینی دەکەن نرخی بەنزین لە جیھاندا لەسەرەتای ٢٠٢٢ دابەزێت و ھەر گاڵۆنێک بەنزین "چوار لیتر و نیو" بە سێ دۆلار مامەڵەی پێوەبکرێت.
ئەمەلەکاتێکدایە، لە سێ ھەفتەی رابردوودا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا بەرزترین نرخی تۆمارکرد و بەمەش ھەریەک لە ئەمریکا و یابان و کۆریای باشور و ھیندستان و بەریتانیا داوایان لە رێکخراوی ئۆپیک و ھاوپەمانەکانیان لە ئۆپیک پڵەس کرد بڕی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی نەوتییان نبۆ بازاڕەکانی جیھان زیاد بکەن بە ئامانجی دابەزاندنی نرخی نەوت. پێشتریش رێکخراوی ئۆپیک پڵەس بڕیاری دابوو بەرھەمھێنانی نەوت بە ئامانجی ھێشتنەوەی نرخی نەوت بە بەرزی کەم بکاتەوە، بەڵام بەھۆی کۆرۆناوە و دابەزینی نەوت بۆ نزمترین نرخی لە ساڵی ٢٠٢٠، رێکخراوەکە بڕیاریدا لە کۆتایی ئەم ساڵدا رۆژانە بەرھەمھێنانی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل رۆژانە زیادبکات. 












گەلەری