سەردێڕ:

هاوپەیمانی عەرەبی هێرشیکردە سەر حوسییەکان

AM:10:38:18/11/2021

4748 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی سعودیە رایگەیاند، ھاوپەیمانیی عەرەبی بە رابەرایەتی سعودیە هێرشی ئاسمانیی بەرفراوانی لە چوار پارێزگای یەمەن کردە سەر حوسییەکان.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی سعودیە بڵاویکردەوە کە ھاوپەیمانیی عەرەبی رایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی بەرفراوانیان دژبە پێگەکانی چەکدارانی حوسی ئەنجامداوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی هاوپەیمانی عەرەبی، ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان بۆ سەر چەکدارانی حوسی لە هەریەکە لە پارێزگاکانی سەنعا، زومار، سەعدە باکوری یەمەن، هەروەها پارێزگای جەوفی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ئەنجامدراوە.

هاوکات، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، سیستمەکانی موشەکی بالیستی، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و سیستمەکانی پەیوەندی کراونەتە ئامانج.

لەلایەکی تریشەوە، هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانیان کە فڕۆکەخانەی ئەبهای لە باشوری خۆرئاوای سعودیە کردبووە ئامانج، راگەیاند.

هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە و ئیمارات لە ساڵی ٢٠١٥ەوە گەمارۆی خستووەتە سەر یەمەن و هێرشی بۆ سەر چەکدارانی حوسی دەستپێکردووە.













گەلەری