سەردێڕ:

کۆچبەرێکی سەر سنور چیرۆکی ژیانی دەگێڕێتەوە و داوای هاوکاری دەکات

PM:09:02:14/11/2021

7616 جار خوێندراوەتەوە

لە ئێستادا بە هەزاران کۆچبەر لەسەر سنوری پۆڵەندا- بیلاروسیا گیریان خواردووە و نازانن چارەنوسیان چی دەبێت، یەکێک لە کۆچبەرەکان لە زاری ماڵپەری جەزیرەی ئینگلیزییەوە نەهامەتییەکانی ژیانی و چیرۆکی کۆچکردنەکەی دەگێڕێتەوە.


نیدال ئیبراهیم ناوی ئەو کۆچبەرە سورییە وەک هەزاران کۆچبەری دیکە گیری خواردووە لەسەر سنوری بیلاروسیا-پۆڵەنادا و نازانن ئاخۆ دەگەڕێنرێنەوە بۆ نیشتیمانەکانی خۆیان یاخود دەبێت لە بیلاروسیا بمێننەوە یان لە کۆتایدا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا وەریان دەگرێت.

نیدال لە دەستپێکی قسەکانیدا باسی لەوەکردووە، خەڵکی شاری حەلەبی سوریایە و تەمەنی ٣٧ ساڵە و دەڵێت، "من دەمرم"، نیدال ئاماژەی بەوەکردووە، لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بەناوی محەمەد و چوار منداڵی هاوڕێکەی لەگەڵ چەندین کۆچبەری دیکەدا چوونەتە سەر سنور بەو هیوایەی بگەن بە یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام ئێستا لەناو دارستانەکان گیریان خواردووە و ئاوی زەلکاو دەخۆنەوە و هیچ خۆراکێکیان پێ نییە و پلەی گەرماش لەنێوان ٥ بۆ ٧ پلەی ژێر سفری سیلیزیدایە.

نیدال لەبارەی هۆکاری مانەوەی لە ژیاندا ئەوەی درکاندووە، تاکە هۆکاری مانەوەی لە ژیاندا ئەوەی کە سێ منداڵی هەیە لەگەڵ خێزانەکەیدا لە ئێستادا لە تورکیان، ئەو دەڵێت، "لەبەر ئەوان دەبێت بژیم و بەرگە بگرم." باسی خۆشەویستی بێپایانی خۆی بۆ منداڵەکانی کردووە و وتوویەتی، "زۆر بەکەمی دەتوانم شەوان بخەوم بەهۆی سەرما و بارانەوە، بەڵام کاتێک دەخەوم خەو بەوە دەبینم کە چۆن دەتوانین من و منداڵەکانم و هاوسەرەکەم لە ئارامیدا بژین، خەو دەبینم منداڵەکانم بەرەو خوێندنگە دەچن، بەڵام لە هەر خولەکێکدا بێت دەکرێت من بمرم".

نیدال لەبارەی دۆخی گوزەرانی پێش ئەم کۆچەیەوە ئاشکرای کردووە، پێش سەرهەڵادانی جەنگی ناوخۆی سوریا مامۆستا بووە و بەڕێوەبەری خوێندگەیەکی بنەڕەتی بووە و کاتێک جەنگەکە دروست بوو هەندێک لە کەسە نزیکەکانیان لەدەستدا و بەو هۆیەوە ئیتر سوریا شوێنێک نەبوو بۆ خەونەکانیان و جەنگ هەموو شتێکی لەناوبرد و بەو هۆیەشەوە چوونە تورکیا، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەکردووە هاوسەرەکەی خوێندکاری یاسا بووە بەڵام دەرفەتی تەواوکردنی خوێندنی نەبووە. نیدال و هاوسەرەکەی خاوەنی دوو کچ و کوڕێکن.

کاتێک لە سوریاوە بۆ تورکیا کۆچیان کردووە پێویست بووە ماوەی ٢٤ رۆژ لەسەر سنور بمێننەوە، لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ چونەتە خاکی تورکیاوە و بۆ ماوەیەکی زۆر لەوێ ماونەتەوە، بەهۆی خراپی باری گوزەران و سەختی رەوشی دارایی خێزانەکەی دوای ئەوەی دەرکراوە لە کارەکەی ناچاربووە لە کێڵگەیەکی کشتوکاڵیدا کار بکات بە پارەیەکی کەم و لە زستاناندا کارەکەی کەمتر بووەتەوە بەهۆی باران بارین و سەرماوە.

نیدال دەڵێت، "ویستم لە لیبیاوە بچمە ئەوروپا بەڵام دواتر بیرم کردەوە بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناو ئەو وڵاتەوە ناتوانم بۆی بچم، پاشان بیستم رێگەیەکی نوێ هەیە بوونی هەیە و ئاسانە بۆ گەشتن بە ئەوروپا، بۆیە بەو هیوایەوە بەڕێکەوتم بچمە یەکێک لە وڵاتەکانی یەکێتییەکە و پاشان هاوسەر و منداڵەکانم رابکێشم و بتوانین ژیانێکی ئارام و شایستەمان هەبێت."

نیدال باسی لەوەکردووە، لە تورکیاوە توانیوویەتی ئۆفەرێکی گەشت بۆ بیلاروسیا بەدەست بهێنێت بە ٨٠٠ دۆلاری ئەمریکی و پێیان وتووە لەوێوە بە ٥٠٠ دۆلار دەچیتە پۆڵەندا، بەڵام وەک دەڵێت، "کاتێک گەیشتمە سەر سنور تراژیدیاکانی ژیانم دەستی پێکرد."

نیدال لە درێژەی باسکردنی چیرۆکەکەیدا باسی لەوەکردووە، "رۆژانە خەڵک لەبەردەممدا لە برسا دەمرن، رەق دەبنەوە، منیش ناتوانم هیچ شتێکیان بۆ بکەم، بەهۆی سەرماوە خەو ناچێتە چاومان، کاتێک ئاگر دەکەینەوە، باران لێمان دەکوژێنێتەوە."

لە کۆتایی قسەکانیدا نیدال ئەوەی خستووەتەڕوو، "بێمانەیە لە سەرما و برسییەتیدا مرۆڤ بمرێت لەسەر سنوری وڵاتانی ئەوروپا، لە ئێستادا تەنها بیر لەو منداڵەنەم دەکەمەوە کە من هێنامنە دنیاوە، پێویستە بمێنمەوە لە ژیاندا بۆیان، بەڵام دەشبووایە کاتێک تورکیام بەجێهێشت دوا ماڵئاوایم لێ بکردنایە".

ئەمە وتەی نیدال خۆیەتی: "تکایە هاوکاریم بکەن بمێنمەوە لە ژیاندا، تکایە یەکێک شتێکمان بۆ بکات و رزگارمان بکەن."

ئەمە لەکاتێکدایە، لێشاوی کۆچبەرانی ئاسیایی و ئەفریقی لە رێگەی وڵاتی بیلاروسیاوە بۆ یەکێتی ئەوروپا کێشە و گرژی و ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو وڵاتە و یەکێتی ئەوروپادا دروست کردووە. بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان یەکێتی ئەوروپا لە بیری ئەوەدایە سزاکانی سەر بیلاروسیا توندتربکات.

لـ.لـ

هـ.ئـ













گەلەری