سەردێڕ:

پۆلیسی تورکیا لێکۆڵینەوە لە بانگەشەی مردنی ئەردۆغان دەکات

PM:09:37:03/11/2021

36096 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانی تورکیا رێکاری یاساییان دژی ٣٠ کەس گرتووەتەبەر بەهۆی ئەوەی لە تویتەر بانگەشەی مردنی ئەردۆغانیان کردووە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، پۆلیسی تورکیا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەسەر هەموو ئەو کەسانە دەکاتەوە کە لە تویتەر هاشتاگی 'دەڵێن مردووە'یان بڵاوکردوەتەوە.

باسی لەوەشکردووە، تاوەکو ئێستا ٣٠ کەس تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی ئەو کارە و سوکایەتیکردن بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئەو وڵاتە.

ئەو باسە دوای ئەوە هاتووە لە دوایین گرتەیدا ئەردۆغان بەئاسانی ڕێی نەکردووە و گرفتی رۆیشتنی هەبووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی ئەیلولی رابردوودا، سەرۆککۆماری تورکیا لە نوێترین ڤیدیۆیدا لاواز دەردەکەوت و سەرنج و توانای قسەکردنی وەکو پێویست نەبوو، ئەم بابەتەش پرسیاری زۆری لەبارەی تەندروستی و ئایندەی سیاسی ئەوەوە دروستکرد.

رۆژنامەی سۆزجۆی تورکیش بڵاویکردوەتەوە، کە سەرۆکی تورکیا لەکاتی بەجێهێنانی نوێژی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵدا بەهۆی بەرزە فشاری خوێن و نەخۆشی شەکرەوە بۆ ماوەیەك لە هۆش خۆی چووە.

هاوکات لە ساڵانی ٢٠١١ و ٢٠١٢ سەرۆکی تورکیا دوو نەشتەرگەری لە کۆئەندامی هەرس و پەنکریاسی بۆ ئەنجامدراوە و ماوەیەکی زۆر لە ژێرچاودێری دابووە.














گەلەری