سەردێڕ:

ئێران و ئەمریکا دەست بەسەر بارهەڵگری یەکتردا دەگرن

PM:01:41:03/11/2021

21080 جار خوێندراوەتەوە

لە دەریای عوماندا، هێزی دەریایی ئەمریکا دەستیگرت بەسەر کەشتییەکی ئێرانیدا کە نەوتی بارکردبوو، هاوکات، هێزی دەریایی ئێرانیش بە فڕۆکە دابەزیونەتە سەر ئەو کەشتییە ئەمریکییەی بەنیازبوون نەوتی کەشتییە ئێرانییەی بۆ بگوازنەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێران بڵاویکردەوە، هێزەی دەریایی ئەمریکا دەستیگرتووە بەسەر بارهەڵگرێکی ئێرانیدا کە نەوتی گواستووەتەوە و بارهەڵگرەکەیان بە ئاڕاستەی بارهەڵگرێکی ئێرانی بردووە.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، لە هەمان کاتدا پێش ئەوەی هێزی دەریایی ئەمریکا ئەرکەکەیان تەواوبکەن، هێزی دەریایی ئێران کە سەر بە سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتییە بە فڕۆکە دابەزیونەتە سەر بارهەڵگرە ئەمریکییەکە و بەرەو ئاوە هەرێمییەکانی ئێرانییان بردووە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشداوە، ژمارەیەک کەشتی جەنگی و فڕۆکەی ئەمریکی هەوڵیانداوە بارهەڵگرەکەیان ئازادبکەن، بەڵام هەوڵەکانیان سەرکەوتوونەبووە.

لەلایەکی دیکەوە، تەلەفیزیۆنی هەواڵی ئێران بڵاویکردەوە، بۆ پشتڕاستکردنەوەی رووداوەکە لە نزیکترین ماوەدا گرتەی ڤیدیۆیی ئۆپراسیۆنەکە بڵاودەکاتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا هەریەک لە ئێران و ئەمریکا چەند جارێکی دیکە دەستیان بەسەر کەشتی بارهەڵگری یەکتردا لە رێگە ئاوییەکاندا گرتووە، جگە لەوەی چەند وڵاتیکی دیکەی وەک بەریتانیا هەرکاتێک چارەنوسی بارهەڵگرێکی دیارنەمابێت پەنجەی تۆمەتیان بۆ ئێران راکێشاوە.

کـ. ئـ













گەلەری