سەردێڕ:

لیژنەیەک لەسەر ئەو نەخۆشخانەیە پێکهێنرا کە بۆ دانەوەی تەرمێک داوای ١٠ ملیۆن دینارى دەکرد

AM:10:09:02/11/2021

6096 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێکهێنانى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى لەسەر نەخۆشخانەیەک راگەیاند کە بۆ دانەوەى تەرمێک بە کەسوکارەکەى داواى ١٠ ملیۆن دینارى کردبوو.


ئەمڕۆ سێشەممە، د.ئاسۆ حەوێزى وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى رایگەیاند "لەسەر فەرمانی وەزیری تەندروستی بۆ بەدواداچوونی سکاڵای کەسوکاری نەخۆشێکی کۆڕۆنا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەسەر هەڵسوکەوتی نەخۆشخانەیەکی ئەهلی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی لێژنەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ داواکاری گشتی بۆ گەیشتن بە ڕاستی و دروستی ئەم ڕووداوە و پاراستنی مافی نەخۆش و وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی".

راگەیەندراوەکەى وەزارەتى تەندروستى لە کاتێکدایە کە نەخۆشخانەیەکی هەولێر بۆ پێدانەوەی تەرمێک بە کەسوکارەکەی کە بەهۆی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە، داوای ١٠ ملیۆن دیناریان لێدەکات، دەشڵێن، "بۆ ٣٢ رۆژ خەواندنی نەخۆشەکەیان ٣٥ ملیۆن دیناریان لێوەرگیراوە."

کەسوکاری ئەو نەخۆشە گردبوونەتەوە و باس لەوەدەکەن، نەخۆشەکەیان ٣٢ رۆژە لەو نەخۆشخانە ناحکوم "ئەهلی"یەیە و ٣٥ ملیۆن دیناریان داوە، وەک باسیشی دەکەن، بە بڕی ١٠ ملیۆن دینار دەرمانیان لە دەرەوەی نەخۆشخانەکە کڕیوە.

داواش دەکەن، حکومەت لەگەڵیاندا بێت و لێکۆڵینەوە لەو گرفتەیان بکات، چونکە بڕە پارەیەکی زۆریان داوە و ئێستاش تەنها بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکە داوای ١٠ ملیۆن دیناری دیکەیان لێدەکەن.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، کە نەخۆشەکەیان توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و تەمەنی ٦٥ ساڵ بووە، لە رابردوودا و "ماوەی ٣٢ رۆژە لە نەخۆشخانە ماوەتەوە، بەرپرسانی نەخۆشخانەکەش پێیان دەڵێن، دەتوانن تەنها بە بڕی ٪٢٥ داشکاندنیان بۆ بکەن."

یەکێک لە کەسوکاری ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، پسوڵەی پارەکانی پێبوو و بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "کوا داعشیش ئەو کارەی لەگەڵ خەڵکدا کردووە؟."

کەسوکارەکەی دەپرسن، "لە چ هۆتێلێکی پێشکەوتووی دنیاشدا شەوێک مانەوە ٩٠٠ هەزار دینارە؟" ئەوەشیان خستەڕوو، "ئەوان تەرمەکەی وەرناگرنەوە بە لە نەخۆشخانەکە بێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی هەرێم لە ئێستادا بەدەست زیادبوونی نەخۆشخانە ناحکومییەکان و نۆرینگە پزیشکییەکانەوە دەناڵێنن و گلەیی ئەوەیان هەیە، لە بەشێکی نەخۆشخانە حکومییەکان گرنگی تەواو بە هاوڵاتیان نادرێت و بۆیە ناچارن بۆ ئەنجامدانی پشکنین و وەرگرتنی چارەسەری پێویست سەردانی نەخۆشخانە ناحکومی و نۆرینگەکان بکەن، بەڵام ئەوەش پارەیەکی زۆری تێدەچێت.













گەلەری