سەردێڕ:

بافڵ تاڵەبانی بڕیارێکی نوێ لەبارەی دژەتیرۆرەوە دەردەکات

PM:11:53:21/07/2021

27428 جار خوێندراوەتەوە

لەبڕیارێکدا بافڵ تاڵەبانی دەربارەی هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی، سەرجەم ناسنامەکانی پێشووی دژە تیرۆر وەردەگیرێنەوە و رادەگیرێن.


بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی بڕیاری لێپێچینەوەی ئەو کەسانەیدا کە بەنایاسایی ناسنامەی دژە تیرۆریان بۆکراوە، سەرجەم ناسنامەکانی پێشووی ئەو هێزەش وەردەگیرێتەوە و رادەگیرێت.

بەپێی بڕیارەکە کەمیدیاکانی یەکێتی بڵاویانکردۆتەوە، سەرجەم ئەو ناسنامە ساختانەی لەلایەن دژەتیرۆرەوە دەرکراون هەڵبوەشێندرێنەوە و هەرکەسێک بە یاسایی لەدەزگای دژەتیرۆر کارمەند نەبووبێت و سودمەند بووبێت لە زەوی و ئۆتۆمبێل و چەک، بۆ مەرامی شەخسی و یاساشکێنی ئیمتیازاتی پێدرابێت لێی وەربگیرێتەوە.

هەر بەپێی بڕیارەکە هەرکەسێکیش پابەند نەبێت ڕوبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.

بەپێی راگەیەنراوەکە، "بەبڕیاری چەند کەسێک زیاتر لە 12 هەزار ناسنامەی دژەتیرۆر بەنایاسایی دروستکراوە، کە بۆ مەرامی تایبەتی و چەندین کاری نایاسایی و یاساشکێنی بەکارھێنراون".

بڕیارەکەی هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ناسنامەی نوێ بە دیزاینێکی نوێ بۆ ھێزەکانی دژتیرۆر دروست دەکرێت و سەرجەم ئەو ناسنامانە پێشتر وەردەگیرێتەوە و رادەگیرێت.

رۆژی ٨ی تەمموز لەسەر گۆڕینی چەند بەرپرسێکی ئەمنی ناکۆکی لەنێوان هەردوو هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی درووست بوو، لەدوای چەند رۆژێکیش بەپێی رێککەوتنێک کەواژۆی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسەرە، سەرجەم دەسەڵاتەکانی لاهور جەنگی گواسترایەوە بۆ بافڵ تاڵەبانی تاوەکو ئەو کاتەی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکەیان هەموار دەکرێتەوە.

 






گەلەری