سەردێڕ:

بەهۆی خراپی رێگاوبانەکان؛ رۆژانە لە سنووری چەمچەماڵ چەندین رووداوی هاتوچۆ روودەدەن

PM:11:27:27/10/2024

1636 جار خوێندراوەتەوە

لە سنووری چەمچەماڵ بەهۆی خراپی رێگاوبانەکان رۆژانە چەندین رووداوی هاتوچۆ روودەدەن، هاتوچۆکردنی تانکەری سووتەمەنیش بە رێگەکاندا مەترسی زیاتری دروست کردووە. هاوڵاتیانی سنوورەکەش دەڵێن، حکومەتی کاربەڕێکەر ناوچەکەیانی پشتگوێ خستووە و تەنانەت رێگەکانیشیان بۆ نۆژەن ناکاتەوە.


هاوڵاتیانی نیشتەجێی سنووری چەمچەماڵ دەڵێن، رێگەکانیان زۆر خراپن و رۆژانە چەندین رووداوی هاتوچۆ تیایاندا روودەدات، لەبەرامبەریشدا حکومەتی کاربەڕێکەر هیچ ئیرادەیەکی نییە بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگەکان.

لای خۆشییەوە، بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگەوبان لە چەمچەماڵ دەڵێت، لەئێستادا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەوە هەندێک شوێنی رێگەکان چاک دەکرێن بەشێوەی کاتی، پێشتریش دووجار پڕۆژەی چاککردنی رێگەکان بەتایبەت رێگەی سەرەکی کەرکوک-سلێمانی بڵاوکراوەتەوە بەڵام لەترسی خەرجنەکردنی پارە، هیچ بەڵێندەرێک و خاوەن کۆمپانیایەک پڕۆژەی چاککردنی رێگەکەی وەرنەگرتووە.

درێژی رێگەی سەرەکی کەرکوک-سلێمانی لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، ٥٠ کیلۆمەترە و ١٥ساڵ پێش ئێستا قیرتاو کراوە، لەئێستادا رێگەکە دووبارە پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر بەپاساوی قەیرانی دارایی نیازی نۆژەنکردنەوەی رێگەکەی نییە لە ئێستادا.













گەلەری