سەردێڕ:

ئیسرائیل بەدواداچوون بۆ کەیسی سیخوڕی کردنەکە دەکات

PM:07:03:21/07/2021

4372 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی ئیسرائیل لیژنەیەکی بە سەرپەرشتی ئەنجومەنی ئاسایش ونەتەوەیی وڵاتەکەی پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونی کەیسی سیخوڕیکردن بەسەر مۆبایلی هەندێک لە سەرۆکی وڵاتانی جیهان لەلایەن ئەو وڵاتەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، چاوگێکی ئیسرائیلی رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی لیژنەیەکی لەچەند بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەی پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونی کەیسی خراپ بەکارهێنانی بەرنامەی پێگاسۆسی کۆمپانیای ئێن ئێس ئۆی ئەو وڵاتە بە ئامانجی سیخوڕیکردن بەسەر مۆبایلی سەرۆکانی عێراق و فەرەنسا و مەکسیک و هیندستان و مەغریب و چەند وڵاتێکی دیکە.

چاوگەکە ئەوەی ئاشکراکرد، لیژنەکە لەلایەن ئەنجمونەی ئاسایش و نیشتیمانی ئیسرائیلەوە سەرپەرشتیدەکرێت و دوا راپۆرتی خۆشی بۆ نفتالی بینیت سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بەرزدەکاتەوە.

بەگوێرەی چاوگەکە، دۆسییەکە لە دەرەوەی دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگرییە. دەشڵێت، ئەگەرهەیە، دوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان لەم هەفتەیەدا لەبارەی خراپ بەکارهێنانی بەرنامەی پێگاسۆس لە فەرەنسا و مەسکیک و عێراق و هیندستان و مەغریب، لەلایەن ئەو وڵاتانەوە کاردانەوە دبلۆماسییەکان دەست پێبکەن.

پێشتر رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی بڵاویکردەوە، مۆبایلەکەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی ئەو وڵاتە لە بەئامانجی خزەمتکردنی بەرژەوەندییەکانی مەغریب سیخوڕی بەسەرەوەکراوە.

ئەمڕۆش، ژان کاستکس سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا رایگەیاند، ماکرۆن داوایکردووە زنجیرەیەک لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ کەیسەکە ئەنجامبدرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی وانشنتن پۆست، مۆبایلی بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و نزیکەی (٥٠) هەزار کەسایەتیی دیکەی جیهانی سیخوڕیان بەسەردا کراوەو کراونەتە ئامانج.

هەوڵەکە لەلایەن سیستەمی چاودێری-سیخوڕی (پیگاسۆس)ەوە ئەنجامدراوە کە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیسرائیلییەوە درووستکراوە، بەڵام تا ئێستا نازانرێت کە چ کەس و لایەنێک هەوڵەکەی ئەنجامداوە، ناشزانرێت کە ئایا سەرکەوتووبونە لەهەوڵی هاککردنەکەدا یاخود شکستیانخواردووە.

واشنتۆن پۆست ئاماژەی بەوەش داوە، مۆبایلەکەی بەرهەم ساڵح لەگەڵ ١٠ سەرۆکوەزیران و پاشایەک لەژێر چاودێریدا بوون و سیخوڕیان بەسەردا کراوەو بەئامانج گیراون.

لەنێوان سەرکردەکاندا، ئیمانۆیل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و رامفۆسا سەرۆکی ئەفریقیای باشور و عیمران خانی سەرۆک وەزیرانی پاکستان و محەممەدی شەشەم پاشای مەغریبی تیدایە.

بەشێک لەمیدیا عەرەبیەکان دەڵێن هەوڵی هاککردنەکە هەریەک لەمستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامە ئەمریکییەکە، حەوت سەرۆکوەزیران کە لە ئێستادا لەسەر حوکم نەماون و لەسەردەمی سەرۆکوەزیرانییاندا هەوڵی هاککردنیان دراوە لەرێگای هەمان سیستەمەوە، سەرۆکوەزیرانەکانیش بریتین لە هەریەکە لە ئەحمەد عوبێد سەرۆکوەزیرانی پێشووی یەمەن، سەعد حەریری سەرۆکوەزیرانی پێشووی لوبنان، روهاکانا سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئۆگەندا، ئێدوارد فلێپ سەرۆکوەزیرانی پێشووی فەڕەنسا، باکیتژان ساجینتیڤ سەرۆکوەزیرانی پێشووی کازاخستان، نۆرددین بێدۆنی سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەلجیریا و چارلس مایکڵ سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەلجیکای تێدایە.













گەلەری