سەردێڕ:

بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشتی خانەنشینانی هێزەکانی ٧٠ـی درا

PM:04:13:10/10/2024

5484 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ئابی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی ٧٠ـیان داوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی ٧٠ دەکەن.

 

ئەوەشی خستووەتە روو، پێویستە تا کۆتایی ئەمساڵ دۆسیەی سەرجەم خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی ٧٠ ڕەوانەی بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی لە وەزارەتی پێشمەرگە بکرێت و دوای وردبینی و پەسەند کردنی دۆسیەکان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی بکرێت.

دوو مانگە دابەشکردنی مووچە دواکەوتووە و ئەم هەفتەیە حکومەتی کاربەڕێکەر دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت کرد، سەرەڕای ئەوەی دوێنێ کۆتا رۆژی دابەشکردنی مووچە بوو بەپێی خشتەی مووچە، بەڵام خانەنشینانی هێزەکانی ٧٠ جارێکی دیکە بە گیرفانی بەتاڵەوە بەردەم بانکیان چۆڵ کرد.

ئەو خانەنشینانە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا باسیان لەوەکرد، "نازانین حکومەت لەچی دەترسێ کەوا گرفتەکانی لیستی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی ٧ چارەسەر ناکات".

دەشڵێن، "وەزارەتی دارایی باس لەوەدەکات، کێشە لە لیستی مووچەکەیاندا هەیە و مووچەی زیایە وەردەگیرێت، ئەگەر وایە بۆچی لیستەکە پاکناکەنەوە و ئەو کەسانەی لێدەرناکەن، بۆچی ئەم هەموو خانەنشینە دەکەنە قوربانی ئەو کەسانە!".

ئەو خانەنشینانە ئاماژەیان بەوەشکرد، ژمارەیان زیاترە لە ١٠ هەزار کەس و گرفت لە بایۆمێترییەکانیشیاندا نییە.

ئەوەشیان خستەڕوو، بەم نزیک دەنگدانە ئازاری مووچەخۆران دەدەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، مانگی رابردووش مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ دواکەوت، سەرەڕای نەگونجاوی میکانیزمی دابەشکردنی مووچەی خانەنشیان کە وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن، لەبەر خۆر و باران و بە گەرما و سەرما لە بەردەم بانک سەرەدەگرن.


 













گەلەری