سەردێڕ:

لەسەر ئاستی عێراق؛ زانکۆی سلێمانی پلەی یەکەمی زانکۆ حکومییەکانی بەدەستهێنا

PM:03:04:09/10/2024

5008 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ریزبەندییەکی دامەزراوەی تایمزی بەریتانی، لەسەر ئاستی عێراق زانکۆی سلێمانی پلەی یەکەمی سەرجەم زانکۆ حکومییەکانی بەدەستهێناوە و کێبڕکێکە لەنێوان ٢١ زانکۆدا بووە کە سەرجەم مەرجەکانی دامەزراوەکەیان تێدا بووبێت.


زانکۆی سلێمانی بە ئین ئاڕ تی راگەیاند، لە ریزبەندیی زانکۆکانی جیهان – (WUR) World University Rankings کە لەلایەن دامەزراوەی تایمزی بەریتانییەوە – Times Higher Education ئەنجام دەدرێت، زانکۆی سلێمانی پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەدەست هێناوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرتاسەری عێراقدا، تەنها ٢١ زانکۆ بەهۆی ئەوەی گشت مەرجەکانی دامەزراوەی تایمزیان تێدایە ریزبەندییان بۆ کراوە، زانکۆ بەشداربووەکانی تر، کە ژمارەیان (٥٨) زانکۆیە، نەیانتوانیوە بچنە ریزبەندییەکەوە و تەنها بە"Reporter” ناسێنراون؛ واتە مەرج و داواکارییەکانی دامەزراوەی ناوبراویان تێدا نییە.

ئەوەشی خستەڕوو، دامەزراوەی تایمزی بەریتانی، شانبەشانی دامەزراوەی شانگەهای و دامەزراوەی کواکەرێلی سیمۆندس، یەکێکە لە سێ سەرەکیترین ئەو دامەزراوانەی لە سەر ئاستی جیهان چەندین ریزبەندیی جیاجیا بۆ زانکۆکان دەکات؛ گرنگترینیشیان، "ریزبەندیی زانکۆکانی جیهان"ـە، کە یەکێکە لە بەناوبانگترین و گشتگیرترین ریزبەندییەکان.

باسی لەوەشکرد، لە هەڵسەنگاندنی زانکۆکاندا پشت بە چەند پێوەرێک دەبەسترێت، لە ناویاندا "ژینگەی فێربوون، رێژەی خوێندکاری دکتۆرا بەراورد بە بەکالۆریۆس، رێژەی مامۆستایانی هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا، رێژەی خوێندکار بەراورد بە مامۆستا، داهاتی زانکۆ، ناوبانگ لە وانەوتنەوەدا، ژمارە و ناوبانگی توێژینەوەکان، فەندی توێژینەوەکان، کاریگەریی توێژینەوەکان، کاریگەریی ئاماژەپێدان، کاریگەریی و بەرزی ئاست و بەهێزی توێژینەوەکان، گواستنەوەی زانیاریی،بەڵگەنامەی مافی خاوەندارێتی، بەنێودەوڵەتیبوون، توێژینەوەی هاوبەشی نێودەوڵەتی، ستافی وانەبێژی نێودەوڵەتی، خوێندکارانی نێودەوڵەتی، ژمارەی ئەو خوێندکارانەی لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن".

زانکۆی سلێمانی بۆ یەکەمجارە لەو ریزبەندییەدا بەشداریبکات و توانیویەتی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت.

زانکۆى سلێمانى لە ساڵی ١٩٦٨ دامەزراوە و بە زانکۆی دایک ناوی دەبرێت، لە ساڵی ١٩٨١دا، رژێمی بەعس زانکۆى سلێمانیى بە زەبری هێز بۆ هەولێر گواستەوە و ناوەکەی بۆ 'زانکۆی سەڵاحەدین' گۆڕی. دواتر لە ساڵی ١٩٩٢دا، زانکۆی سلێمانی بۆ جارى دووەم دامەزرێنرایەوە.

زانکۆی سلێمانی لەڕووی ئەکادیمییەوە هەردوو پرۆگرامی بەکالۆریۆس و خوێندنى باڵا پێشکەشدەکات و بڕوانامەی بەکالۆریۆس، بڕوانامەی دیبلۆمی باڵا، ماستەر و بڕوانامەی دکتۆرا دەبەخشێت.
کارزان تاریق، سلێمانی













گەلەری