PM:02:07:09/10/2024
1848 جار خوێندراوەتەوە
دوای ئەوە مانگ و نیوێک بەر لە ئێستا فرۆشتنی دوو قەترەی منداڵان لە دەرمانخانەکاندا راگیران و بڕیاری دووبارە پشکنینەوەیان بۆ درا، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان رایگەیاند، لە پشکنین دەرنەچوون و لە سەرجەم دەرمانخانەکاندا دەکشێنرێنەوە و لەناو دەبرێن.
بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان لە هەرێم رایگەیاند، دوای ئەنجامدانی دووبارە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی تاقیگەیی بۆ دوو بەرهەمی دەرمانسازیی تەواوکەریی خۆراکی بە شێوەژەمی دەرمانسازیی قەترەی دەم کە ماددەی میلاتۆنینیان تێدابوو، ئەنجامەکان نەرێنی بوون و بریتیبوون لە "not comply" لە شیکردنەوەی تاقیگەیی، بۆیە بڕیاریدا بە کشاندنەوەیان و لەناوبردنیان.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەرهەمە دەرمانسازییەکان
بە ناوەکانی (HONORTONIN drops) بە ژماره باجی(HNR1715) دروستکراوی کارگەی (HONOR) و(melatonin drops) بە ژمارە باجی (23B038) دروستکراوی
کارگەی (inalme) دوای ئەوەی شیکردنەوەی
تەواوەتی تاقیگەییان بۆ ئەنجامدرا، دەرکەوت کە تەنۆلکەی بینراو"visible particle"یان تێدایە و پێچەوانەی تایبەتمەندیی بەرهەمەکانن
و شیاوی بەکارهێنان نین.
کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان راشیگەیاندووە، هۆکاری خراپبوونی
هەردوو بەرهەمەکە، خراپ کۆگاکردن و گواستنەوەیان بووە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە سەرجەم دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان
لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە، ئەو دوو بەرهەمە لە
پشکنین دەرنەچوون و بەڕێکاری زانستی دەرمانسازی و ژینگەیی لەناودەبرێن.
ئەوەش لەکاتێدایە، لە ٢٢ی مانگی ٨ی ئەمساڵدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە بڕیاریدا بە راگرتنی فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە تاوەکو دووبارە پشکنینی تاقیگەییان بۆ ئەنجامبدرێتەوە.