سەردێڕ:

وەزارەتی نەوت قەبارەی داهاتی زیادکراوی هەناردەکردنی نەوتی ئاشکرا کرد

PM:09:52:27/10/2021

2348 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، داهاتی زیادکراوی هەناردەکردنی نەوت لەتوانایدایە قەبارەی قەرزەکان و هەڵاوسانی بازاڕ کەمبکاتەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی راگەیاند، ئەو زیادبوونەی لە داهاتی هەناردەکردنی نەوت بەدەستهاتووە، وەزارەت لە ئێستادا لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکات.

دەشڵێت، زیادبوونی داهاتی نەوتی هەناردەکراو گەیشتووەتە زیاتر لە ١٦ ملیار دۆلار و دەخرێتە سەر بودجەی گشتی وڵات.

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، زیادبوونی داهاتی نەوت لەتوانایدایە لە قەبارەی قەرزەکان و هەڵاوسانی نرخ لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ کەمبکاتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، هیواخوازن نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا جێگربێت. دەشڵێت، "ئێمە لەگەڵ نرخی راستەقینەی نەوتین نەک ئەوەی زیادەڕۆیی تێدا دەکرێت".

عاسم جیهاد باسی لەوەشکرد، هەڵکشان و داکشانی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرهەمهێنەران و کڕیاران و بەکارهێنەران دەخاتە نیگەرانییەوە، بەڵام سیاسەتی ژیرانەی ئۆپیک و ئۆپیک پڵەس کاری لەسەر نرخی راستەقینەکردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوو داهاتی نەوتی فرۆشراوی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و پسپۆڕانیش لەو باوەڕەدان ئەم زیادبوونە کاریگەری دەبێت لەسەر قەبارەی قەرزەکان و کورتهێنانی بودجە و هەڵاوسانی نرخ.


كـ ، ئـ








گەلەری