سەردێڕ:

لە نەخۆشخانە حکومییەکانی سلێمانی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی نەماون

PM:11:53:01/10/2024

2052 جار خوێندراوەتەوە

لە نەخۆشخانە حکومییەکانى سلێمانی، دەرمان و پێداویستیی پزیشکی نەماون و کۆمپانیاکانی دەرمانیش بەهۆی پێنەدانی پارەکانیان لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە، ئامادە نین دەرمان و پێداویستییەکان دابین بکەن، بەجۆرێک، لە ئێستادا هاوڵاتیان پەتى نەشتەرگەریی منداڵبوون لە دەرەوە دەکڕن و لە نەخۆشخانەى منداڵبووندا پەتی نەشتەرگەری نەماوە.


بەپێى بەدواداچوونەکانى ئێن ئاڕ تى، دەرمانى بیهۆشکاریی نیوبەنج و بەشێک لە دەرمانەکانى تر نەماون، بەهۆى نەدانى پارە بۆ تەندەرى ساڵى ٢٠٢٤ و تەواوى ئەو پارانەى تر بە کۆمپانیاى دابینکارى دەرمان بۆ نەخۆشخانەکەش، کۆمپانیاکە ئامادە نییە ئەو دەرمانانە بۆ نەخۆشخانەکە دابین بکات.

بەپێى زانیاریەکانى ئێن ئاڕ تى، بۆ چارەسەری کاتى ئەو گرفتە، تەندروستیی سلێمانى داواى لە چەند کۆمپانیایەک کردووە کە ئەو دەرمان و پێداویستییە تەندروستیانەیان هەیە بۆیان دابین بکەن، بەڵام بەهۆى بێمتمانەیییان بە حکومەت، داواکەیان رەت کردووەتەوە.

هاوکات، چاوگێک لە تەندروستیی سلێمانى بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، لە هەوڵدان تا لەگەڵ کۆگاکانى دەرمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەسەری کێشەکەیان بکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، مانگانە نزیکەى هەزار منداڵ بەشێوەى سروشتى و نەشتەرگەرى لە نەخۆشخانەى منداڵان لەدایک دەبن کە نەشتەرگەرى لە نەخۆشخانەکە نیمچە تایبەتە و بۆ هەر نەشتەرگەرییەک، بڕى ٣٠٠ هەزار دینار وەردەگیرێت.













گەلەری