سەردێڕ:

لەم ناوچەیەى عێراق هێرشکرایە سەر هێزێکى ئەمنى

PM:08:01:27/10/2021

4668 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی ئەمنی ڕایگەیاند، لەهێرشێکی چەکدارانی داعش بۆ سەر خاڵێکی سەربازی سەر بە سوپای عێراق لە پارێزگای سەڵاحەدین دوو کەس کوژران و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.


ئەو چاوگە بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند، بەهۆی هێرشێکی چەکدارانی داعشەوە لەسەر ڕێگەی حەیسه – سینیە سەر بەپارێزگای سەڵاحەدین، کە بۆ سەر چەند خاڵێکی سەربازی کرابوو، لەئەنجامدا دوو سەربازی سوپای عێراق کوژران و زیاتر لە دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

هێرشەکە لەکاتێکدایە کە شەوی رابردوو چەکدارانی داعش هێرشێکی چەکدارییان بۆ سەر گوندێکی دیالە ئەنجامدا و بەهۆیەوە بەپێی وتەی سەرچاوه‌یەکی پزیشکی فەرمانگەی تەندروستی ئەو شارە، ژمارەی قوربانییەکان بەرزبووەتەوە بۆ ١٢ کوژراو و ١٥ بریندار.

سەرچاوەیەک لە فەرمانگه‌ی تەندروستی دیالە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندووە، "١٥ بریندار و تەرمی ١٢ کوژراو گەیەندراوەتە نەخۆشخانەکان، کە بەهۆی هێرشەکەی داعش بۆ سەر گوندی رەشاد بوونە قوربانی".

وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی چەکداریی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکخراوەکە لە رێگەی پاشماوە و شانە نوستووەکانی ناو بەناو کردەی چەکداریی ئەنجام دەدات بەتایبەت لە ناوچەی نێوان پارێزگاکانی کەرکوک و سەڵاحەددین (باکور) و پارێزگای دیالە (رۆژھەڵات)، کە بە "سێگۆشەی مەرگ" ناودەبرێت.








گەلەری