سەردێڕ:

٢٠٢٤ ساڵی سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆنەکانی جیهانە

PM:09:14:30/09/2024

912 جار خوێندراوەتەوە

ساڵی ٢٠٢٤ ساڵی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنە لە جیهاندا کە لە زۆرێک لە وڵاتان هاوکێشەی سیاسیان گۆڕیوە و بە دەنگی لایەنگرانیان کە تینوی گۆڕنکارین، بومەلەرزەیان لە ژێر پێی حزبە دەسەڵاتدارەکان دروستکردووە.


هەروەک پێشبینی کرابوو، لە نەمسا پارتێکی ئۆپۆزسیۆن گۆمەکەی شڵەقاند و لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئەو وڵاتەدا سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمار کرد و جێگەی بە پارتی دەسەڵاتدار لەقکرد.

پارتی ئازادیی ئۆپۆزسیۆن تا دێت بنکە جەماوەرییەکەی لەناو گەلی نەمسا زیاتر دەبێت، ڕێژەی ٢٩.١٪ـی ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و بووەتە براوەی یەکەمی هەڵبژاردن.

هەرچی پارتی گەلی نەمسای دەسەڵاتداریشە بە٢٦.١٪ـی دەنگەکان لە پلەی دووەمدایە و دوای ئەویش پارتی سۆسیال دیموکراتی نەمسا سێیەمی بەدەستهێناوە.

بەپێی ئەو ئەنجامەش، بۆ یەکەمجارە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، پارتێکی لەو جۆرە ببێتە براوەی یەکەمی هەڵبژاردن، کە زۆرترین بەشداریی لە مێژووی نەمسا بەخۆوە بینی و شەش ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس دەنگیاندا.

ئەوە لە کاتێکدایە پارتی ئازادی نەمسا چەند جارێک بەشداری پێکهێنانی حکومەتی وڵاتەکەی کردووە، بەڵام پێش ئەم هەڵبژاردنە، هیچ جارێک نەیتوانیوە زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

پێشتریش پارتەکە لە کەمپینەکانی هەڵبژاردندا جەختی دەکردەوە، خوازیارە دیمەنی سیاسیی ئەوروپا دووبارە دابڕێژێتەوە و هاوسەنگیی هێزیش لەنێوان روسیا و رۆژئاوا رێکبخەنەوە.

لەو چوارچێوەیەدا هێربەرت کیکل، سەرۆکی پارتی ئازادی نەمسا دوای دەنگدانی لە بنکەیەکی دەنگدا ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک بە بەشداریی لایەنەکانی تر حکومەت پێکدەهێنن پێنج ساڵی باش چاوەڕێی نەمسا دەکات.

هەرچۆنێک بێت ئەو ڕەشەبای گۆڕانکارییە سیاسیەی لە ئەوروپا هەڵیکردووە، جگە لە نەمسا، هەریەک لە هەنگاریا و چیک و ئیتاڵیا و بەریتانیا و فەڕەنساشی گرتەوە، لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەوروپاشدا پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان کە دژی کۆچبەرانن کورسییەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.













گەلەری