سەردێڕ:

فراکسیۆنى نەوەى نوێ هۆکارى بایکۆتى دانیشتنەکەى ئەمڕۆى پەرلەمان ئاشکرا دەکات

PM:05:08:27/10/2021

6296 جار خوێندراوەتەوە

جێگرى سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند "بەهۆى ئەوەى لێپێچینەوە لە سوکایەتى و جنێودانى پەرلەمانتارێک نەکرا، بایکۆتى دانیشتنى ئەمڕۆى پەرلەمانمان کرد".


ئەمڕۆ چوارشەممە، کاوە عەبدولقادر جێگرى سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لەپەرلەمانى کوردستان لەمیانەى ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ئاماژەى بەوە کرد "داوامان لە دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان کرد کە لێپێچینەوە لەو پەرلەمانتارە بکات کە جنێو و قسەى نەشیاوى لەبەرامبەر پەرلەمانتاران بەکارهێنا".

وتیشى "بەهۆى ئەوەى سەرۆکایەتى پەرلەمان نەیتوانى بە کارى خۆیى و ئەرکى پەیڕەوى خۆى هەستێت و ئیجرائات لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارەدا بکات کە قسەى نەشیاوى بەرامبەر بە چەند پەرلەمانتارێک کردبوو و حەسانەى لێ وەربگیرێتەوە و ئەو پەرلەمانتارە داواى لێبووردن بکات لەناو پەرلەمان، ئێمە وەکو هەڵوێستێک لەگەڵ چەند فراکسیۆنێکى تر بایکۆتى دانیشتنەکەى ئەمڕۆى پەرلەمانى کوردستانمان کرد".

کاوە عەبدولقادر روونیکردەوە "لەگەڵ ئەوەى ئەو کارەى پەرلەمانتارەکەى پارتى دژى فراکسیۆنەکەى ئێمە نەبوو بەڵام ئێمە دژى هەر پێشێلکارییەکین کە بکرێتە سەر هەر ئەندامێکى پەرلەمان و هەر فراکسیۆنێک و دژى هەر جۆرە سوکایەتتییەکین کە لەپەرلەماندا بکرێت".

وتیشى "پەرلەمانى کوردستان موڵکى خەڵکى کوردستانە و موڵکى هیچ حزب و لایەنێک نییە و لەسەر هیچ لایەنێک تاپۆ نییە".

لەبەشێکى ترى کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، جێگرى سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ ئاماژەى بەوە کرد "سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ بەهۆى دەربڕینى هەڵوێستێکى ناڕەزاییانە ماوەى حەوت مانگە لەلایەن دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانەوە بەشێوەیەکى نایاسایى لە ئامادەبوون لە دانیشتنەکانى پەرلەمان بێبەش کراوە ناهێڵرێت بێتە ناو باڵەخانەى پەرلەمان".

وتیشى "بەڵام پەرلەمانتارى تر هێرشدەکەنە سەر پەرلەمانتاران و جنێو و سوکایەتى بە پەرلەمانتاران دەدەن و پەلامارى پەرلەمانتاران دەدەن بەڵام هیچ ئیجرائاتێکیان لەگەڵ ناکرێت".

جەختیشى کردەوە "ئێمە پێمانوایە ئەوە هۆکارەکەى لاوازى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانە".

هاوکات فراکسیۆنەکانى نەوەى نوێ و یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووى ئیسلامى و سەربەخۆ و ئازادى راگەیەندراوێکى نارەزایەتى هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوایان لە سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان کە شکۆى پەرلەمان بپارێزێت و داوایان کرد ئەو پەرلەمانتارەى پارتى کە جنێو و قسەى نەشیاوى وت بەراشکاوى لەنێو دانیشتنى پەرلەماندا داواى لێبوردن لە پەرلەمان و خەڵکى کوردستان بکات و ئەو کارانە دووبارە نەبنەوە.

لەدانیشتنى ئاسایى ئەمڕۆى پەرلەماندا بەهۆی وتنی قسەی نەشیاو لەلایەن پەرلەمانتارێکی پارتی و داواکاری بۆ سزادانی، کێشە لە پەرلەماندا دروستبوو و جگە لە پارتی و پێکهاتەکان، سەرجەم فراکسیۆنەکان دانیشتنی پەرلەمانیان بەجێهێشت.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش، ئەو داوای لێبوردنەی پارتی کردوویەتی جێگای رەزامەندی پەرلەمانتاران نەبووە و داوای سزادانیان کردووە و خراوەتە دەنگدانەوە، بەڵام پارتی و پێکهاتەکان ٤٦ دەنگ بوون و پەرلەمانتارانی دیکەش ٣٢ دەنگ بوون، بۆیە دانیشتنەکەیان جێهێشتووە و دەڵێن "سوورن لەسەر "سزادان."

دوێنێ پاش نزیکەی ٥٠ رۆژ پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و لە دانیشتنەکەدا کە بڕگەیەکی تایبەت بوو بە گرفتی مامۆستایانی وانەبێژ، بەڵام وەزیرانی پەروەردە و دارایی ئامادە نەبوون، پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ رێگەیان نەدا دانیشتنەکە بەردەوام بێت و رایانگرت و رایانگەیاند، کە دەبێت بڕیار بدرێت نەوەک گفتوگۆ بکرێت و راپۆرت بخرێتەڕوو، ئەوانە چەند جاری دیکە لە رابردوودا کراون و دەبێت بڕیار بدرێت لەبارەیانەوە و دابمەزرێندرێن.

مژدە مەحمود پەرلەمانتاری نەوەی نوێ باسی لەوەکرد، کە حکومەت داهاتی لەبەردەستدایە و توانای هەیە و دەتوانێت دایانبمەزرێنێت.

دواتر پەرلەمان دووبارە دانیشتنی ئەنجامدایەوە و گرفت دروستبوو و بە وتەی پەرلەمانتاران، یەکێک لە پەرلەمانتارانی پارتی وشەی نەشیاوی بەکارهێناوە و بڵاوبوونەوەی ئەوەش نارەزایەتییەکی زۆری لای پەرلەمانتاران و هاوڵاتیانی هەرێم دروستکرد.














گەلەری