سەردێڕ:

بەهۆی زریانی هێلینەوە لە ئەمریکا زیاتر لە ٦٠ کەس گیانیان لەدەستداوە

AM:11:35:29/09/2024

956 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، بەهۆی باران و زریانەوە کە چەند ویلایەتێکی گرتووەتەوە، زیاتر لە ٦٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و بە هەزاران کەسیش ئاوارە بوون.


میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند، بەهۆی زریانی هێلینەوە کە چەند ویلایەتێکی گرتووەتەوە، ٦٣ کەس گیانیان لەدەستداوە، جگە لەوەش چەندین کەس بەهۆی رووخانی پرد و داخرانی رێگەکانەوە رێگەیان لێگیراوە و تیمەکان سەرقاڵی رزگارکردنیانن.

هەر بەهۆی زریانەکەوە کارەبای چەند ناوچەیەکی وڵاتەکە بڕاوە، ژمارەی گیانلەدەستدانەکانیش بەپێی ویلایەتەکان بەم جۆرەیە، لە ویلایەتی کارۆلینای باشوور ٢٤ کەس گیانیان لەدەستداوە، لە جۆرجیا ١٧ کەس، لە فلۆریدا ١١ کەس، یەک کەس لە فێرجینیا و ١٠ کەسی دیکەش لە کارۆلینای باکور گیانیان لەدەستداوە.

ماوەی سێ رۆژە زریانێکی بەهێز چەند ویلایەتێکی ئەمریکای گرتووەتەوە و بە زریانی هێلین ناوی دەهێنرێت، بە جۆرێک لە ویلایەتی فلۆریدا خێرایی با و باران بەیەکەوە دەگەیشتە ٢٢٥ کیلۆمەتر لە کاتژمیرێکدا.

لە ئێستادا لە شەش ویلایەتی وڵاتەکە باری لەناکاو راگەیەنراوە، لە چەندین ناوچەش چەندین خانوو و ماڵی هاوڵاتیان رووخاون.

لەوبارەیەشەوە حاکمی ویلایەتی رای کۆبەر رایگەیاندووە، لە مێژووی نوێدا ئەمە یەکێکە لە پڕ زیانترین و سەختترین کارەساتە سروشتییەکان کە ناوچەکە رووبەڕووی بووەتەوە.

دەستەی کەشناسی وڵاتەکەش باسی لەوەکردووە، ئەگەری داڕمانی بەنداوێک هەیە لە رۆژهەڵاتی ویلایەتی تێنیسی و بەپەلە داوا لە دانیشتووانی ناوچەکە کراوە، ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی چەند مانگێکە بەردەوام زریانێکی بەهێز ناوچە جیاوازەکانی جیهانی گرتووەتەوە و هەر ماوەیەو لە وڵاتێکدا چەندین زیان بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

هەر لەم هەفتەیەشدا زریان و بارانی بەخوڕ مەکسیک و نیپاڵی گرتووەتەوە و لە نیپاڵ بەهۆیەوە ١٠١ کەس گیانیان لەدەستداوە ٦٤ی دیکەش بێسەروشوێنن.













گەلەری