پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ رایگەیاند، بەهۆی وتنی قسەی نەشیاو لەلایەن پەرلەمانتارێکی پارتی و داواکاری بۆ سزادانی، کێشە لە پەرلەماندا دروستبوو و جگە لە پارتی و پێکهاتەکان، سەرجەم فراکسیۆنەکان دانیشتنی پەرلەمانیان بەجێهێشت.
سیپان ئامێدی پەرلەمانتاری نەوەی نوێ باسی لەوەکرد، بەهۆی ئەوەی لە دانیشتنی دوێنێێدا، پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان وشە و جنێوی نەشیاوی بەکارهێنا و ئەمڕۆش پەرلەمانتاران داوای سزادانیان کرد، پەرلەمانتارانی پارتی دەنگیان نەدا و گرفت دروستبوو، هەربۆیە سەرجەم فراکسیۆنەکان دانیشتنەکەیان جێهێشت، جگە لە فراکسیۆنی پارتی و پێکهاتەکان.
بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش، ئەو داوای لێبوردنەی پارتی
کردوویەتی جێگای رەزامەندی پەرلەمانتاران نەبووە و داوای سزادانیان کردووە و
خراوەتە دەنگدانەوە، بەڵام پارتی و پێکهاتەکان ٤٦ دەنگ بوون و پەرلەمانتارانی دیکەش بە ٣٢ دەنگ
بوون، بۆیە دانیشتنەکەیان جێهێشتووە و دەڵێت، سوورن لەسەر "سزادان."
دوێنێ پاش نزیکەی ٥٠ رۆژ پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و لە دانیشتنەکەدا
کە بڕگەیەکی تایبەت بوو بە گرفتی مامۆستایانی وانەبێژ، بەڵام وەزیرانی پەروەردە و
دارایی ئامادە نەبوون، پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ رێگەیان نەدا دانیشتنەکە بەردەوام
بێت و رایانگرت و رایانگەیاند،
کە دەبێت بڕیار بدرێت نەوەک گفتوگۆ بکرێت و راپۆرت بخرێتەڕوو، ئەوانە چەند جاری دیکە
لە رابردوودا کراون و دەبێت بڕیار بدرێت لەبارەیانەوە و دابمەزرێندرێن.
مژدە مەحمود پەرلەمانتاری
نەوەی نوێ باسی لەوەکرد، کە حکومەت داهاتی لەبەردەستدایە و توانای هەیە و دەتوانێت
دایانبمەزرێنێت.
دواتر پەرلەمان
دووبارە دانیشتنی ئەنجامدایەوە و گرفت دروستبوو و بە وتەی پەرلەمانتاران، یەکێک لە
پەرلەمانتارانی پارتی وشەی نەشیاوی بەکارهێناوە و بڵاوبوونەوەی ئەوەش
نارەزایەتییەکی زۆری لای پەرلەمانتاران و هاوڵاتیانی هەرێم دروستکرد.
هێرش قادر، هەولێر
هـ.ئـ