سەردێڕ:

ئەمساڵ دووەم قۆناغی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە باکووری هندستان بەڕێوەدەچێت

PM:10:56:26/09/2024

1096 جار خوێندراوەتەوە

ئەمساڵ ساڵی هەڵبژاردنە لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهان و لە هەرێمی جامۆ و کشمیر لە باکووری هندستان بە سێ قۆناغ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی بەڕێوەدەچێت، ئەوەش دەرفەتێکە بۆ دانیشتوانی هەرێمەکە تا حکومەتێکی بچوک و پەرلەمانێکی ناوخۆیی پێکبهێنن.


لە دوای ١٠ ساڵ، جارێکی دیکە هەڵبژاردن لە هەرێمی جامۆ و کشمیر لە باکووری هندستان بەڕێوەدەچێت، کە رێژەی بەشداریی بەرفراوان بەخۆوە دەبینێت و دەنگدەران بڕیاریانداوە دەنگ بەو لایەنە بدەن کە ماف و ئازادی زیاتریان بۆ دەستەبەر دەکات.

لە دوای بەڕێوەچوونی گەورەترین پرۆسەی هەڵبژاردن لە مێژوودا کە لە هندستان ئەنجامدرا و بە (فێستیڤاڵێک بۆ دیموکراسی) ناوبرا و نزیکەی ملیارێک کەس مافی دەنگدانیان تیایدا هەبوو، لە هەرێمی جامۆ و کشمیر لە باکووری ئەو وڵاتەش بە سێ قۆناغ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی بەڕێوەدەچێت.

لە هەڵبژاردنەکەدا زیاتر لە نۆ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە و کاندیدەکانیش کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ٩٠ کورسی پەرلەمانی هەرێمەکەیان دەکەن، کە بەوتەی لیژنەی هەڵبژاردن لە هندستان رێژەی بەشداریی بەرفراوان بووە.

قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردنەکان لە ١٨ـی ئەیلولی رابردوو بەڕێوەچوو، کە نزیکەی ٦٢٪ـی دەنگدەران بەشدارییان تیادا کرد، بڕیاریشە قۆناغی سێیەم و کۆتایی هەڵبژاردنەکان لە ٨ـی ئۆکتۆبەری داهاتوو بەڕێوەبچێت و بە دوایدا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان رابگەیەنرێت.

لەو چوارچێوەیەدا ناریندرا مۆدی سەرۆکی هندستان هانی هاوڵاتیانیان دابوو بەچڕی بەشداریی لە دەنگداداندا بکەن تا دیموکراتی لە هەرێمی (جامۆ و کشمیر) پتەوتر بێت و لە تیرۆر و گەندەڵیی پاکبکرێتەوە. وتیشی، ئەو هەنگاوە یارمەتیدەرە بۆ سەقامگیرکردنی دۆخی ناوچەکە و گەشەسەندنی زیاتری.

لەپێناو سەلماندنی شەفافیەتیش لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، حکومەتی نیودەلهی رێگەی بە دیبلۆماتکارانی ١٥ وڵات داوە چاودێری پرۆسەی دەنگدان بکەن، کە ئەمریکا یەکێکیانە.

هەڵبژاردنەکانیش یەکەمجارە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ ـەوە لەو هەرێمەی ناو چیاکانی هیمالایا ئەنجام بدرێت، کە لە ساڵی ١٩٤٧ ـەوە لەگەڵ پاکستان ناکۆکی لەسەرە و زۆرینەی دانیشتوانەکەی موسوڵمانن.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە بەشداریی بەرفراوانی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەکان، نیشانەی دەربڕینی خواستێکی راستەقینەیە بۆ گۆڕانکاریی و چەسپاندنی مافەکانیان لە چوارچێوەی هندستاندا.

هەرچۆنێک بێت هەڵبژاردنەکان کە بە سێ قۆناغ بەڕێوەدەچن، دەرفەتێکە بۆ دانیشتوانی جامۆ و کشمیر تا حکومەتێکی بچوک و پەرلەمانێکی ناوخۆیی پێکبهێنن، کە وادەکات هەندێک سەربەخۆیی بە هەرێمەکە ببەخشێت لە بری بەڕێوەبردنی بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن حکومەتی نیودەلهیەوە.













گەلەری