سەردێڕ:

لە سۆران پۆلیس ژمارەیەک خوێندکاری دەرچووی پۆلی ١٢ی دەستگیرکرد

PM:12:42:27/10/2021

9072 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە سۆران رایگەیاند، ئەمڕۆ ژمارەیەک لە خوێندکارانی دەرچووی پۆلی ١٢ بەهۆی نەهاتنەوەی ناویان لە هیچ زانکۆیەک یان هاتنەوەی ناویان بە نمرەی بەرزەوە لە چەند بەشێکی جیاواز گردبوونەوەیان ئەنجامدا و پۆلیس سەرجەمیانی دەستگیرکرد.


پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، کە ئەو خوێندکارانە گردبوونەوەیان ئەنجامداوە و ویستویانە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسی بکەن، چوار کەناڵ لەوێ بووە بۆ روماڵی گردبوونەوەکەیان، بەڵام پۆلیس هاتووە سەرجەم خوێندکارەکانی دەستگیرکردووە و تەنها مۆبایلی پەیامنێرەکەی ئێن ئاڕ تییان بردووە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئەوەشی خستەڕوو، پۆلیس دەستی بەسەر کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیدا گرتووە و پاش چاوەڕوانکردنی نزیکەی کاتژمێرێک لە بنەکی پۆلیس ئنجا پێیان داوەتەوە و پێیان وتووە، "کە ئەوە دووبارە نەکاتەوە."

ماوەی دوو رۆژە ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکارانی دەرچووی پۆلی ١٢ بۆ ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١ لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمدا هاتووەتەوە و خوێندکارانی هەرێم نارەزایەتییان لە سیستمی وەرگرتنەکە هەیە.

ئەو خوێندکارانە لە شارە جیاوازەکانەوە گردبوونەوە ئەنجامدەدەن و ئەمڕۆش خوێندکارانی پۆلی ١٢ لە بەردەم زانکۆی سلێمانی رێگای سەرەکی هاتوچۆیان داخست و خوێندکارانی رانیەش لەبەردەم زانکۆی راپەڕین گردبوونەوە.

ئەو خوێندکارانە باس لەوەدەکەن، کە هەیانە ناوی نەهاتووەتەوە لە هیچ بەشێک تەنانەت بە کۆنمرەی بەرزیشەوە، یان کۆنمرەی بەشەکان بەشێوەیەک بەرزبووەتەوە، هەندێک بەش پێنج دەرەجە بەرزبووەتەوە لەچاو ساڵی رابردوو، ئەوە سەرەڕای کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی خوێندن لەبری زیادکردن و رەخساندنی دەرفەتی زیاتری خوێندن بۆ قوتابیان.

کەریم کەیفی، سۆران

هـ.ئـ













گەلەری