سەردێڕ:

ئایا دووبارە کوڵاندنەوەی ئاو مەترسی لەسەر تەندروستیت دروست دەکات؟

PM:02:07:26/09/2024

2144 جار خوێندراوەتەوە

کوڵاندنی ئاو پرۆسەیەکە کە رۆژانە بەکاری دەهێنین بۆ پاککردنەوە و دڵنیابوون لە سەلامەتی خواردنەوە گەرمەکانی وەک چا و نیسکافە و قاوە بەڵام بەردەوام ئەو پرسیارە دەکرێت سەبارەت بە مەترسییەکانی دووبارە کوڵاندنەوەی ئاو زیاتر لە جارێک.


دکتۆر ئەحمەد یوسف مامۆستا لە زانکۆی قاهیرە، پێداچوونەوە بە بۆچوونە زانستییەکان دەکات، هەندێک زانیاری سەرسوڕهێنەر لەبارەی کوڵاندنی ئاوەوە ئاشکرا دەکات، کە رەنگە بۆ زۆر کەس نامۆ بێت.

ئەو دکتۆرە باسی لەوە کرد، دووبارە کوڵاندنەوەی ئاو دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی هەندێک مادەی کیمیایی نەخوازراو، کاتێک ئاو دەکوڵێنرێت، بەشێک لە ئاوەکە بەهەڵم دەبێت، لەکاتێکدا مادەی تواوە وەکو کانزا قورسەکان و ماددە کیمیاییەکان، وەک نیترات و فلۆراید لەناو کترییەکەدا دەڕژێن و بڵاودەبنەوە، لەگەڵ دووبارەبوونەوەی ئەم پرۆسەیە چەند جارێک، چڕیی ئەم ماددانە لە خواردنەوە گەرمەکاندا بەرز دەبێتەوە و سوودەکانیان دەگۆڕێت بۆ زیان.

روونیشیکردەوە، ئەو ماددانە رەنگە چڕییەکانیان زیاد بکات لە ئەنجامی دووبارە کوڵاندنەوەی ئاوەکەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی "WHO"، پیسبوونی ئاو بە کانزا قورسەکان دەتوانێت کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی هەبێت.

ئەحمەد یوسف لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە دەکات کە دووبارە کوڵاندنەوەی ئاو تەنها کاریگەری لەسەر چڕیی کیمیایی نییە، بەڵکو دەتوانێت کاریگەری لەسەر هەندێک تایبەتمەندی خۆراکیش هەبێت بۆ نموونە دووبارە کوڵاندنەوە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی رێژەی ئۆکسجینی تواوە لە ئاوەکەدا، ئەمەش کاریگەری لەسەر تامەکەی دەبێت و بەشێوەیەکی گشتی بۆ تەندروستی باش نییە.













گەلەری